Hemn Baban
08 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2018
ھەولێر - AA
ئەو شارەی شەڕ نیوەی خاپوورکردووە دەچێتە ھەڵبژاردنێکەوە بەیەکەم تاقیکردنەوەی پاش داعش و لەناوبردنی قەڵەمڕەوییەکەی لە عێراق دادەنرێت.
ھێشتا تەپ و تۆزی شەڕ بەتەواوەتی سەری سپی و بەرۆکی ئەم شارەی بە شاری"پەیامبەران" دەناسرا بەرنەداوە، شارێک کە بارووت میراتیی شارستانییەتێکی ھەزاران ساڵەی بۆ کرد بە دارو پەردوو، لێرە لە مووسڵ لەنێو وێرانەیی ئەو "پایتەخت"ەی پێشتر سەلەفییە جیھادییەکانی جیھانی لەخۆ گرمۆڵەکردبوو و پاشناوی پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شامییان پێوە لکاندبوو ئێستا نە داعش ھەیە و نە دەنگی تەقە، وەلێ پێدەچێت ھەر زەمەن بۆخۆی بەشێک لە شوێنەوارەکانی داعش بۆ خەڵکە ستەملێکراوەکەی ئەم شارە بسڕێتەوە و تۆزی نیشتووی سەر مێژووەکەی لابباتەوە.
مووسڵ، کە ھێشتا بۆ ئەوەی ساڵێک پڕبکاتەوە لە دەرھێنانی لەدەستی داعش دوو مانگی تری ماوە، لە دەروازەی شارەکەوە تا دامێنی پڕن لە وێنەی ئەو کاندیدانەی کە دەیانەوێت ببنە نوێنەری خەڵکەکەی لە پەرلەمانەکەی عێراق و داکۆکی لە مافی خەڵکی ئەم شارە و پارێزگای نەینەوا بکەن.
بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە پارێزگای نەینەوا، فەرحان کیکی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "لەکاتی داخستنی دەرگای خۆ پاڵاوتن بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پارێزگای نەینەوا، ٩٤٠ کاندید ھەبوون کە ٢٥٣ یان ئافرەت بوون، بەگشتی ئەوان ٣٥ لیست و هاوپەیمانی و سێ کاندیدی سەربەخۆ پێکدەھێنن، ھەروەھا ١٠ حزبی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ رکابەرایەتی لەسەر سێ کورسیی کۆتاکان دەکەن کە بۆ ھەریەک لە کریستیان، شەبەک، ئێزدییەکان تەرخانکراون، ٢٥ لیستەکەی دیکەش رکابەرایەتی لەسەر ٣١ کورسی پارێزگا دەکەن، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکھاتەکانی دیکە تەرخانکراوە".
لەدەروازەی شارەوە بەھەموو قەبارەیەک جۆرەھا دەموچاو و بە جۆرەھا شێوە و رەنگ لەبەردەم خەڵکی ئێرە قیت بوونەتەوە و بۆ بەدەستھێنانی دەنگ و متمانەیان ریزییان لێ گرتوون، ئیدی وێنەکان بە لەچک و بێ لەچک بە چاکەت و پانتۆڵ و بە جلی وەرزشییەوە، بە سەرباز و بە چالاکی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، بە بەرپرسی گەورە و تازە بەرپرسەوە ھەموویان بۆ ھەڵبژاردنەکان بوون بە کاندید و دەنگی خەڵکییان دەوێت.
ئێستا زۆرینەی ھەرە زۆری شەقام و شۆستە سەرەکییەکانی مووسڵ وێنە و دروشمی کاندیدەکانی بۆ ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٢ی ئایار تێدا دەبینرێت، سەرباری ھەڵواسینی وێنەی سەدان ئافرەت لەو شارەی داعش چوونە دەرەوەی ئافرەتیشی بەتەنیا حەرامکردبوو و جەڵدەی لەسەر بوو، یەکێکە لەو دیاردانەی بەڵگەیە لەسەر جۆرێک لە چاونەترسیی خەڵکی ئەم شارە، وەکو یەکێک لە گەنجەکانی پێیان وتین "ئیتر خەڵکی ئەم شارە زۆر مردنی جیاوازییان بینی و لە مردنیش سڵ ناکەنەوە".
لەکۆی ٣٢٩ کورسییەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٣٤یان بۆ خەڵکی پارێزگای نەینەوا تەرخانکراون، ٣١یان کورسیی گشتی و سێ کورسیش بۆ ھەریەک لە پێکھاتەکانی کریستیان، شەبەک، ئێزیدی، خەڵکی لێرە سەرباری ھەموو نەھامەتییەکانی رۆژانی ژێر چەقۆکانی داعش بە جۆرێک لە ئومێدەوە چاوی لە دیموکراسییەکی نیمچەناتەواوە، بۆیە بنکەکانی وەرگرتنەوەی کارتی دەنگدانیش لەم شارە پڕن لەو خەڵکانەی دەیانەوێت بەشداریی لە ھەڵبژاردنەکاندا بکەن.
ئێستا لەھەموو کوچە و کۆڵانەکانی مووسڵ بە کۆن و نوێیەکەیەوە بە دروشم و وێنەی کاندیدەکان لەم سەری چەپ بۆ ئەو سەری راستەوە تەنراون، خەڵکی مووسڵ چاوەڕوانی کردنەوەی سندوقەکانی دەنگدانن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بدەن، لەیەکەم تاقیکردنەوەی پاش ھاتن و نەمانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش".
بەرپرسی حزبێکی سیاسیی شاری مووسڵ پێی وایە ھەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە مووسڵ و نەینەوا بە گشتی جیاوازە لەھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٤ کە ئەمەیان مەترسی تیرۆری لەسەر بوو بەگشتی.
بەرپرسی لقی مووسڵی بەرەی تورکمانی عێراقی، محەمەد عەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "ئەم ھەڵبژاردنە لە ھەڵبژاردنەکەی پێشووتر جیاوازە، بەگشتی کاریگەریی تیرۆر لەسەر ھەڵبژاردن ھەبوو لە ھەڵبژاردنی پێشتر لەساڵی ٢٠١٤، پێشتر رێژەی بەشدارییکردنی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکاندا ٥٥ لە سەدا بوو، ئێستا لەم ھەڵبژاردنە پێشبینی دەکەین رێژەی بەشدارییکردن بگاتە ٦٠ لەسەد، کۆی گشتی لە پارێزگای نەینەوا، دوو ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار دەنگدەر ھەیە، لەم ژمارەیە ملیۆنێک و ٦٠٠یان کارتی دەنگدانییان وەرگرتووەتەوە، ئەوانی دیکە دیارە لە دەرەوەی وڵاتن یان تا ئێستا نەھاتوون بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانی دەنگدان، ئەوەی لەدەرەوە بن دەتوانن بە پاسەپۆرت بەشداریی لە پڕۆسەی دەنگدان بکەن".
سەبارەت بە زۆریی بەربژێرەکانیش ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی گوتی "ھەر لیستێک دەبێت ٦٢ کاندیدی ھەبێت بەپێی ئەوەی کورسییەکانی پارێزگای نەینەوا ٣١ کورسییە، بۆیە تەماشا دەکەین ژمارەیەکی زۆر بەربژێر لە مووسڵ ھەیە، بۆ نموونە ھەر کاندیدێک ھەزار دەنگ بھێنێت ئەوا دەکاتە ٦٢ ھەزار دەنگ و رەنگە لەیەک لیستدا کاندیدی یەکەم دەربچێت، ھەندێکیان رەنگە ھیچ دەنگ بەدەست نەھێنن و رەنگە ھەندێکی دیکەیان دەنگی زۆر بھێنن، پێشتر لیستەکانی موتەحیدون و کورد زۆرینەی دەنگەکانییان بەدەست دەھێناوە، بەڵام لەم ھەڵبژاردنە دەنگەکانییان دابەش بووە، پێشبینی ناکەم ئەو دەنگەی ھەبوو بەدەستی بھێننەوە".