16 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2021
بەغدا - AA
قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند، بوونی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە شەشی حوزەیرانی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و هۆشدارییشیدا لەوەی مانەوەی چەکدارانی رێکخراوەکە وا لە دەنگدەران دەکات بەشداریی لە پرۆسەکەدا نەکەن.
مەحما خەلیل لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "چەکدارانی پەکەکە لە شنگال نەکشاونەتەوە، ئەوەی روویداوە تەنها کشانەوەیەکی بە رواڵەت بووە، تەنها جلوبەرگەکانیان گۆڕیوە و بارەگاکانیان لەناو شنگالدا ماون".
روونیشیکردەوە کە بوونی چەکداری نایاسایی لەناو قەزای شنگال پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دەشێوێنێت و ئاماژەی بەوەشدا مانەوەی چەکدارانی رێکخراوەکە وا لە دەنگدەران دەکات بەشداریی لە پرۆسەکەدا نەکەن.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لەپاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو، و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.