Ekip
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
ھەولێر - AA
ھاووڵاتییانی ئێزدی لە چیای شنگال چەند جارێکە گردبوونەوە ئەنجامدەدەن و داوای دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە دەکەن، بەھۆی ئەوەی لەماوەی رابردوودا، ئەم گرووپە چەندین ھەرزەکار و منداڵی خەڵکی ناوچەکەی رفاندووە و ستەمی لە منداڵانی ئەو دەڤەرە کردووە و رێگری کردووە لەوەی خەڵکی دەڤەرەکە بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
راوێژکاری کاروباری ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان و قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل لە لێدوانێكيدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "داواکاری ئێمە ئەوەیە کە پەکەکە لە شنگال دەربچێت، لەبەر ئەوەی پەکەکە شنگالی وێران کردووە و ھەروەھا رێگری دەکات لە دووبارەی گەڕانەی ئاوارەکانی چیای شنگال بۆسەر ماڵ و خاڵی خۆیان".
مەحما خەلیل داواى لە حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بە دەنگ داواکاری خەڵکی شنگال بچن و گوتیشی: "حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئێزدییەکانیان پشت گوێ خستووە و دەزانن کە لە شنگال ھەموو ئەو کارە قێزەونانە لە رفاندنی منداڵ و ستەم کردن لە خەڵک ھەیە و ھیچ چارەسەرێکیش نابینرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پەکەکە لە دەڤەرەکە زیندانی نھێنیشی ھەیە".
لە بارەی ئاماری رفێنراوەکان مەحما خەلیل گوتی: "تا ئێستا ئاماری فەرمی لەسەر رفێنراوانمان لا نییە".