Heman Hussein Yaseen
11 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
ھەولێر - AA
وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ٦٥٣ کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٣ ھاووڵاتی دیکەش بەھۆی ئەم ڤایرۆسەوە گیانییان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٦٥٣ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٣٩٨ کەس لە ھەولێر، ٦٠ لە سلێمانی، ٢٥ لە گەرمیان، ٦٦ راپەڕین، ٨٨ لە دھۆک و، ١٦ کەسیش لە ھەڵەبجە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەمەیش کۆی گشتی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە، ١٨ هەزار و ٢٠٠ کەس.
وەزارەتی تەندروستیی ئەوەیشی خستوەتەڕوو کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا گیانیان لەدەستداوە بریتیین لە ١٣ کەس و لەو ژمارەیەش نۆ کەس لە ھەولێر، سێ لە سلێمانی و یەک کەسیش لە هەڵەبجە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانییان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیش کردووە کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، سێ ھەزار و ٣٠ پشکنینی نوێ بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە و، ١٧١ کەسیش چاکبوونەتەوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی ئەو پشکنینەی کە بۆ ھاووڵاتییان ئەنجامدراوە بریتییە لە ٢٣٢ ھەزار و ٢٤٧ پشکنین و، تا ئێستاش ١٨ ھەزار و ٢٠٠ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و، ١٠ ھەزار و ٤٨٠ کەسیش دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گەڕاونەتەوە ناو ماڵەکانییان و، حەفت ھەزار و ٥٠ کەسیش لە نەخۆشەخانەکان چارەسەری پزیشکی وەردەگرن و، بە کۆی گشتیش تا ئێستا ٦٧٠ کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانییان لەدەستداوە.