Sarmand Hameed
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 23 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ئاماژەی بەوە کردووە کە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانەدا.
مەسرور بارزانی لەبارەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.
مەسرور بارزانی رایگەیاندووە "بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لە سنووری پارێزگای کەرکووک، کە بەداخەوە سیاسەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیمۆگرافی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو لەو ناوچانە بەردەوامە کە دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێشووی عێراقە لە دژی خەڵكی ئەو ناوچانە".
مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە "ئەوەی زیاتریش جێگەی نیگەرانی و سەرسوڕمانی ئێمەیە، ئەو کردەوانە لە عێراقێکی دیموکراتی ئەنجام دەدرێت، کە بەپێی دەستوور نەخشەڕێگە و چۆنیەتی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و دیاریکردنی چآرەنووسیان دیاریکراوە".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی ئیدانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کێشەلەسەرەکان و بە تایبەت لە کەرکووک کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ئەو جۆرە سیاسەتە قبوڵ ناکات، بە تایبەت گەڕاندنەوە و نیشتەجێکردنی خەڵکانێک کە دانیشتووی رەسەنی ئەو ناوچانە نین، ئەمە جیا لە داگیرکردنەوەی گوند و ناوچە کوردستانییەکان و دەرکردنی هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لەسەر خاکی خۆیان و داگیرکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و جارێکی دیکە بەخشینی بەو کەسانەی کە ٣٥ ساڵ لەژێر سایەی رژێمی پێشوو، زەوییەکانیان داگیرکرد بوو.
مەسرور بارزانی ئاشکرای کردووە کە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راسپێردراوە سەردانی بەغدا بکات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی هاتووە: "داوا لە حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەین کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر، بەپێی ئەو دەسەڵاتە دەستوورییانەی پێیدراوە، تا رێگری لە هەندێک لە ئیدارە خۆجێیەکان بکات کە لە درێژەدان بەم جۆرە سیاسەتە بوەستن. هەروەک پێویستە بڕیاری دوورخستنەوەی هێزە سەربازییەکان بدات لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە سیاسەتە و بەکارهێنانیان لەم پرۆسەیەدا".
مەسرور بارزانی دووپاتی لە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کردووە کە بەپەلە هەوڵی خۆی بدات بۆ رێگریکردن لەو پێشێلکارییە ترسناکانەی کە دەرهەق بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەکرێت لە لایەن ئیدارە خۆجێیەکانەوە.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە کە سەپاندنی ئەو جۆرە سیاسەت و رەفتارانە، هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی ئەو ناوچانە دەکات کە پێچەوانەی خواستی ئەوانە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و برایانەی نێوان هەموو پێکهاتەکاندا.