Sarmand Hameed
09 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی پەیوەندی ڤیدیۆیی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیسی پارێزگانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، وێڕای دەستخۆشی لە کارەکانیان، داوای کرد ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس رەچاوی رێنماییەکانی خۆپارێزی بکەن، هاوکات داوای لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندی رێنماییەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی کرد.
مەسرور بارزانی لەرێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پەیوەندی لەگەڵ ھەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئاسۆ شێخ تەھا و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، دلێر نەجات یاسین نەجار و بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دھۆک، تارق ئەحمەد ئەنجامدا.
مەسرور بارزانی لە میانی پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەدا سەرەتا لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکانی سلێمانی قسە دەکات.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە میانی پەیوەندییەکەی لەگەڵ ئاسۆ شێخ تەها، وێڕای ھەواڵپرسین لە تەندروستی خۆی و خانەوادەکەی و پرسیارکردن لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارەکانیان، لە رێگەی ئەوانەوە سڵاوی بۆ ئەفسەر و کارمەندانی ھێزەکانی پۆلیس نارد رایگەیاند: "ئێوە بوونەتە سیمبوڵی قارەمانییەتی و ئەو کارەی کە ئێوە دەیکەن بۆ پاراستنی ژیانی ھاووڵاتییان جێگای شانازی ھەموومانە".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "سەربەرزم پێتانەوە و دەستخۆشیتان لێ دەکەم، بەردەوام بن لەو ئەرکە پیرۆزە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی کوردستان" و ئامادەیی دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان.
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئاسۆ شێخ تەھا سوپاسی پەیوەندییەکەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانی کرد و رایگەیاند، ئەو پەیوەندییەی بەڕێزتان وامان لێدەکات ئێمە زیاتر ھەوڵ بدەین بۆ پاراستنی گیانی ھاووڵاتییان و ئەرکە پیرۆزەکەی لەسەر شانمان".
ئاسۆ شێخ تەھا گوتیشی: "پشتیوانی ئێوە بۆ ئێمە گرنگە، و ئەو داواکارییانەی کە ئێمە ھەمانە لەرێگەی وەزیری ناوخۆوە بە بەڕێزتانی دەگەیەنین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی باسی لە پابەندبوونی ھاووڵاتییان بە رێنمانییەکان کرد و سوپاسی ھاووڵاتییانی کرد بۆ پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستیی.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر گوتی "من دەمویست سوپاستان بکەم و ئەگەر شتێکیش پێویست بێت بتوانین ئەرکی ئێوە سووکتر بکەین".
لەلای خۆیەوە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ھەولێر، دلێر نەجات یاسین نەجار باس لە پلانی کارەکانیان بۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان کرد بۆ پاراستنی ئاسایش شارەکە.
مەسرور بارزانی باسی لە پەتای کۆرۆنای لە ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان تا رادەیەکی باش کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکەمان کردبوو، ئێستاش ئێمە لە حاڵەتێکداین دەتوانین کۆنتڕۆڵی بکەین ئەگەر ھاووڵاتییان پێکەوە پابەندی رێنماییەکان بن".
گوتیشی: "بەداخەوە کەسێکی نابەرپرسیار بە دانانی پرسەیەک یان بە گردبوونەوەیەک دەکرێت ئەم پەتایە بڵاوببێتەوە و خەڵکێکی زۆر تووشبن".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "با ئەوانە بزانن کە تەنھا ئازای خۆیان نادەن، بەڵکو ئازای ھەموو خەڵکی کوردستان دەدەن".
مەسرور بارزانی لەو پەیوەندییە ڤیدیۆییەی لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دھۆک، تارق ئەحمەد ئەنجامیدا، پرسیاری لە رەوشی شارەکە کرد.
لە بەرامبەردا تارق ئەحمەد باسی لەوە کرد کە ھاووڵاتییان لە پارێزگای دھۆک پابەندی بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆ و رێنماییە تەندروستییەکانن.
مەسرور بارزانی داوای لە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دھۆک کرد بایەخی تایبەت بە پاراستنی کەمپی ئاوارەکان لە شارەکە بدەن و گوتی: "ئەوەی پێمان بکرێت بۆ خزمەتی ئەوان دەبێت بیکەین".
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دھۆک دڵینایی بە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان دا لە پاراستنی شاری دھۆک و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگاکە و رایگەیاند، پلانی تایبەتیشیان ھەیە بۆ پاراستنی کەمپەکان.
لە کۆتاییدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەفسەر و کارمەندانی پۆلیس رەچاوی رێنماییەکانی خۆپارێزی بکەن و گوتیشی: "داوا لە ھاووڵاتییان دەکەم خۆیان بپارێزن تاوەکو ئەرکی ھەموولایەکمان سووکتر بێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بارەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پۆلیسی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی تۆماری ڤیدیۆیی پەیوەندییەکەی، نووسیوویەتی "پەیوەندیم بە بەڕێوەبەرانی پۆلیسی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک کرد كە بۆ پاراستنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسی و شەو و رۆژ لە ئەركدان".