Heman Hussein Yaseen
27 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، هۆکاری بوونی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراق بۆ بوونی پەکەکە دەگێڕێتەوە و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بوونی پەکەکە بووتە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیل زیانییان پێ بگات.
سەرۆکوەزیرانی ههرێمى كوردستان، مهسرور بارزانى له دیدارێكی رۆژنامەوانی لەگەڵ ژمارەیەک له ميدياكانى عەرەبی و عێراقی لەبارەی چەند پرسێک دوا و وەڵامی رۆژنامەنووسانى دايهوه.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق رایگەیاند کە ، ئێستا عێراق حكوومهتێكى فیدراڵیە و هەرێمی کوردستانیش کیانێکی فیدراڵیە لە عێراقدا.
مەسرور بارزانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕالی رایگەیاند ''بە داخەوە لە ماوەی دوای پەسەندکردنی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە تاکو ئێستا خەڵکی هەرێمی کوردستان ههستى ئەوەیان نەکردووە کە حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئیلتیزامی بە جێبەجێکردنی دەستوور وەکو خۆی کردووە. بە داخەوە ئێمە هەستمان کردووە کە حکوومەتی عێراق شایستە داراییەکانی هەرێمی وەك خۆی نەناردووە''.
لەبارەی خواستی هەرێم بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، مەسرور بارزانی گوتی: ''بابەت ئەمە نیيە کە ئێمە ئامادە نين داهاتەکان بۆ حکوومەتی عێراق بگەڕێنینەوە ئەوانەی کە هی حکوومەتی فیدراڵین، بابەتەکە ئەمەوه کە کۆی گشتی ئەم پرۆسەیە وەکو پێویست حکوومەتی عێراق نەهاتۆتە پێشەوە بۆ دابینکردنی شایەستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر ئەمە ئەم کێشانە تا ئێستا ماونەتەوە. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای تەوازن و تەوافق و شەراکەتە، لەسەرەتای دامەزراندن و نووسینەوەی دەستوور لەسەر ئەو بنەمایە رێك کەوتین، ئەوەی نەمانبینیوە تەوازن و تەوافق و شەراکەت بووە''.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە ناحەقیەکە بەرامبەر بە هەرێم دەکرێ کە گوایە حکوومەتی هەرێم لەسەر حسابی ناوچەکانی دیکەی عێراق داهاتی بۆ دێت.
مەسروور بارزانی گوتیشی: ''لە دەستووردا هاتووە کە دەبوایە حكوومهتى عێراق قەرەبووی کوردستان بکاتهوه دوای ئەو هەموو نەهامەتی و غەدرەی لە ساڵانی رابردوو دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کراوە وەکو کیمیاباران و ئەنفال و وێرانکردنی چوار هەزار و ٥٠٠ دێ و گوندی هەرێمی کوردستان، کە هیچ یەکێک لەمانە حکوومەتی عێراق بە داخەوە ئەم ئیلتیزامانەی جێ بە جێ نەکرد''.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە قۆناغی شەڕ دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشی کرد و گوتی: ''لە کاتی شەڕی داعش پێشمەرگە یەکەم هێز بوو کە ئەفسانەی داعشی تێک شکاند. هەتا لە دابینکردنی تێچووى شەڕیش نەک یارمەتی هەرێمیان نەدا، بەڵکو هەموو داهات و بوودجەی کە پێویست بوو بۆ هەرێم دابین بکرێ، هەموو ئەو بوودجەشیان بڕی".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "لە رووی سەربازیشەوە لە کاتی شەر بە هیچ شێوەیەک حکوومەتی عێراق نەك تەنیا یارمەتی پێشمەرگەیان نەدا بەڵکو رێگریان کرد لەو هاوکارییە سەربازییانەی کە لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات''.
- ''هەرێمی کوردستان پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ برایانی عەرەب''
مەسرور بارزانی وەبیری رای گشتی هێنایەوە کە ئەوان هیچ کاتێک کێشەیان لەگەڵ عەرەب نەبووە و لەم بارەیەوە گوتی: ''لێرە دەمەوێت ئەوە وهبیر هەموو خوشك و برا بەرێزەکانم لە عێراق بێنمەوە کە جەنابی بارزانی نەمر و ئێستاش جەنابی سەرۆک هەمیشە ئەو ئامۆژگارییەی کردووە کە کێشەی کورد لەگەڵ نەتەوەی عەرەب نییە، کێشە لەگەڵ دەسەڵاتدارەکانە ئەوانەی کە بە ناهەق مافی خەڵکی کوردستان دەخۆن، ئەگینا ئێمە بەبێ ئەوەی هیچ منەتێک بکەین دەروازەی کوردستان بۆ هەموو خوشك و برا بەڕێزەکانمان کراوەیە و ئەوانەی کە میوانیشن لە هەرێمی کوردستان پێم وایە گەواهی ئەوە دەدەن و شایەدی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان بە پەناگەیەکی ئارام بۆ خۆیان دەزانن''.
لە رێژەی قسەکانیدا مەسرور بارزانی لەبارەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی بەغدا گرت و گوتی: ''ئایا ئەگەر خیلاف لەسەر هەندێ بابەتدا هەبێ بۆ دەبێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە وەك هەموو فەرمانبەرانی عیراقی مافی خۆیەتی، مووچەکەی نهدرێ و وەک کارتی فشار بەرامبەر هەرێم بەکاربێ''؟
لەبارەی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: ''کێشەی کوردستان کێشەیەکی مێژوویی و درێژخایەنە ئێمە کێشەی جێ ناکۆکەکانمان هەیە، بابەتی کەرکووکمان هەیە، بابەتی پێشمەرگەمان هەیە، بابەتی جێبەجێکردنی دەستوورمان هەیە. حكوومهتى عێراق هەموو یاسا و بڕیارەکانی پێشووتری رژێمی بەعسی رەت کردەوە تەنیا بابەتی تەعریبى لە ناوچەکانی کوردستان هەڵنەوەشاندۆتهوه. ئەوەی دەگوزەرێ جێگەی داخە نەك تەنیا لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا بەڵکو لە هەموو بەشەکانی دیکەی عێراق کە دەستێوەردانی دەرەکی لە عێراق بەردەوامە و پێشێلکردنی سهروهرى عێراق لە هەموو لایەکەوە بەردەوامە''.
"هۆکاری هاتنی تورکیا بۆ ئەو سنوورانە پەکەکەیە''
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەیدا باسی لە گرژییەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا کرد و گوتی: ''هۆکاری هاتنی تورکیا بۆ ئەو سنوورانە پەکەکەیە''.
بە گوتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوونی پەکەکە لەم ناوچە سنووریانە بووتە هۆی ئەوەی خەڵکی سڤیل زیانیان بەر بکەوێت.
مەسرور بارزانی گوتیشی: ''هیوادارین پەکەکە رێز لە مافە دەستووریەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، خوێنیكی زۆری بۆ رژاوە و ساڵانێکی زۆر خەباتی بۆ کراوە تا ئەو شوێنە ئازاد کراوە''.