Sarmand Hameed
21 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە شاندێکی سەربازی ئەمریکی بە سەرۆکایەتی گەورە راوێژکار و پاشکۆی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق، جەنەرال کیس فیلیپس کە بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی سەردانی کردبوو.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەکەدا دوایین گۆڕانکاری وپەرەسەندنەکانی بارودۆخی ئەمنی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و تیرۆر بە گشتی و گرنگیی برەودان بە ھەماھەنگیی نێوان پێشمەرگە وسوپای عێراق تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای سوپاسکردنی پشتیوانی ئەمریکا لە ھێزی پێشمەرگە، ھیوای سەرکەوتنی بۆ جەنەرال فیلیپس خواست لە ئەرکەکانی داھاتوویدا.
لاخی خۆیەوە گەورە راوێژکار و پاشکۆی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق، جەنەرال کیس فیلیپس، ستایشی رۆڵی پێشەنگ و ھەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کردووە لە ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازیی لە وەزارەتی پێشمەرگە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم چاکسازییانە، ھۆکارێکی بەھێزن بۆ بەردەوامبوونی ھاریکاری و پشتگیرییەکانی ھاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریکا بۆ ھێزی پێشمەرگە.