Zana Natık Kerem
03 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ١٤هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دھۆک دەستی پێ کرد کە لە میانیدا مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزبەکە ھەڵبژێردرایەوە.
١٤هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ یەکەمجارە لە شاری دھۆک بەڕێوەدەچێت، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و زیاتر لە ھەزار ئەندام تیایدا بەشدارن.
بەپێی یەکەم رۆژی کارنامەی ١٤هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پڕۆسەی ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی حزب بەڕێوەچوو کە تیایدا مەسعود بارزانی بە سەرۆکی حزب ھەڵبژێردرایەوە.
ھاوکات ھەریەک لە نێچیرڤان بارزانی بە جێگری یەکەم و مەسرور بارزانی بە جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردران.
لە میانی ١٤هەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ھەڵدەبژێردرێن و دەنگیش بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەدرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی ١٢ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە و دوایین کۆنگرەی خۆی کەکۆنگرەی ١٣هەمین بوو لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠دا بەستبوو.
لە مانگی ئابدا، ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی ئەنجامدرا و زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار ئەندام مافی دەنگدانیان ھەبوو کە ٨٠٠ ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ١٤ی پارتی ھەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی ھەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، ھەروەھا لەسەدا ٢٥ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک، حزبەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام بەھۆی شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کۆنگرەی ١٤هەمینی پارتی دواکەوت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، دامەزراوە و لەئێستادا، رۆڵێکی گرنگیی ھەیە لە پڕۆسەی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا.