Abdullah Abdulmanaf Shukur
02 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆڤ و شاندی یاوەری کرد.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ماڵپەری فەرمی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە ٢ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ماکسیم ماکسیمۆڤ و شاندی یاوەری کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزی رووسیا لە عێراق سڵاوی وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی رووسیا، میخاییل باگدانۆڤ-ی بە مەسعود بارزانی گەیاندووە.
بەپێی ئەو ھەواڵەی بڵاوکراوەتەوە لە دانیشتنەکەدا بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراوه و ھەروەھا رۆشناییش خراوەته سەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
ھاوکات جەخت لە فراوانترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و رووسیاش کراوەتەوە.