Zana Natık Kerem
01 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2022
هەولێر - AA
سەرۆكی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی و نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت تاوتوێی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانییەوە بڵاۆکراوەتەوە، مەسعود بارزانی پێشوازیی کرد لە جێنین هێنیس پلاسخارت.
لە دیدارەكەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە بۆنەی یادی ٣٩ ساڵەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان سەرەخۆشیی لە مەسعود بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە هەموو هەوڵی خۆی لە ناوەندە نێودەوڵەتیییەكان دەدات بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانە.
هەر لەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و دواپێشهاتەكان ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان دەستوور بنەمای لەیەكتێگەیشتن بێت.
وەک لە راگەیەدراوەکەدا هاتووە، هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بووە و مەسعود بارزانی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە دەبێ بەربەستەكانی بەردەم هەڵبژاردن نەمێنن و هەڵبژاردن لە زووترین كاتدا ئەنجام بدرێت و دەبێ مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش پارێزراو بێت. بۆ ئەو مەبەستەش پارتی ئامادەیە تەنانەت سبەی هەڵبژاردن بكرێت.