تاران
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق (ئوسامە نوجێفی) رۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران (عەلی لاریجانی) دیدارو وتووێژیکرد، دواتر ھەر دوولایان بەشدارییانکرد لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا.
نوجێفی و لاریجانی رایانگەیاند: بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا پلانی ھاوبەشیان گەڵاڵە کردووە کە لەسێ بنەمای سەرەکی پێکدێ لەوانە "ئاگربەست پێکبێت، چوونە دەرەوەی ھێزی بێگانە لەسوریا، پێکھاتنی لایەنەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن".
نوجێفی گوتی " لەگەڵ تورکیاو زۆربەی وڵاتانوتووێژمانکردووە لەسەر ئەم خاڵانە، ئێمە دەمانەوێ کۆتایی بھێنرێ بەقەیرانی سوریا چونکە بێجگە لەچارەسەری سیاسی و دیپلۆماسییانە ھیچ چارەیەکی دیکە نییە، بۆ ئەوەی ئاییندەیەکی دیموکراتی لەو وڵاتە بێنینە ئاراوە ئەوا وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیا، سعودیە دەتوانن لەگەڵ ئەمریکا و روسیا ھاوکاریی سوریا بکەن".
نوجێفی تێڕوانینی وڵاتەکەی خستەڕوو لەبارەی ھێرشی سەربازیی بۆ سەر سوریاو گوتی "حکومەتی عێراق بڕوای وایە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەدژ سوریا دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی شەڕ لەناوچەکەو قەیرانەکە لەئێستا زۆر گەورەتر دەبێ، ئێمە دەزانین وڵاتانی رۆژئاوا بۆ نەھێشتنی چەکی کیمیایی دەیانەوێ ھێزی سەربازیی بەکاربێنن، ئەوە بۆ خەڵکی ستەملێکراوی سوریا نییە کە دوو ساڵە گیرۆدەی شەڕێکی ماڵوێرانکەرن".
لەکۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا نوجێفی پلانی چارەسەری حکومەتی عێراقی خستەڕوو "لەئاستی یەکەمدا ئاگربەست، دووەم پێیویستە گروپە سیاسییەکان و ھێزی بێگانە بچنە دەرەوە لەسوریا، سێیەم رێگە دانانی ماوەیەکە بۆ ھەڵبژارن لەو وڵاتە. بەدڵنیاییەوە ھاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە پێیویستە".