بەغدا
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئوسامە نوجێفی گوتی سوپا بۆ لێدانی تیرۆر بەکاردەھێنرێ نەک بۆ لێدانی گەل.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نیگەرانی لە ھێرشکردنە سەر خەڵکی شاری رومادی لە پارێزگای ئەنبار لەلایەن ھێزەکانی سوپای عێراقەوە دەربڕی و گوتی "ئەم مەسەلەیە لەپەرلەماندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ، چونکە مەسەلەی لێدانی گەل لەلایەن سوپاوە بەتەواوەتی رەت دەکەینەوە" هیوای خواست چارەسەری خێرا بۆ ئەو بارودۆخە بدۆزرێتەوە.
ئوسامە نوجێفی لە لێدوانێکدا بۆ ئانادۆلۆ گوتی بەمنزیکانە سەرۆکوەزیران نوری مالیکی بانگھێشتی پەرلەمان دەکرێ بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئەنبار و داوا دەکەین ئەم جارە ملکەچی ئیرادەی گەل بێ و ئامادەی دانیشتنەکە بێ.
سەرۆکی پەرلەمان لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی "بارودۆخی عێراق نەخوازراوە، چونکە ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان خەڵکدایە، بەرپرسیارێتیش دەکەوێتە سەر ئەستۆی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەھۆی ئامادەنەبوونی بۆ ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەکانی تر لە دەزگاکانی یەک دەوڵەتدا و گوێنەگرتنی بۆ دەنگی خۆپیشاندەران، بەکارھێنانی دەزگای سەربازی بەتەنھا ناماقوڵە و پێویستە ئەو مەسەلەیە بە ئامادەبوونی سەرۆکی وەزیران لە چوارچێوەی دەستوردا لە پەرلەمان باس بکرێ."
ئوسامە نوجێفی دوێنی دەستکێشانەوەی لە پەیماننامەی شەرەف و ئاشتی کۆمەڵایەتی لەعێراق راگەیاند، هەروەها ٤٤ پەرلەمانتاری بارستەی "موتەحیدون"ی سونەیش بەھۆی ھێرشەکەی سوپای عێراق بۆ سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندەران لە پەرلەمان کشانەوە.
نوجێفی گوتی "دەبێ مالیکی ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان بێ و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، چونکە دەبێ سوپا روبەرووی تیرۆر ببێتەوە نەک لە گەل بدا."
هەروەها جەختی کرد، پێویستە لێژنەی سەربەخۆ لەبارەی رووداوەکانەوە پێک بھێنرێ.
لەبارەی دۆزینەوەی تەقەمەنی و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکانی رومادیە کە وەزیری بەرگریی بەوەکالەت سەعدون دلێمی باسی لێوەکرد، ئوسامە نوجێفی گوتی "ئەمە رەت دەکەینەوە، کەس گوێ لە بوونی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژ ناگرێ، ئەو قسەیە پێویستی بە بەڵگەیە لە لێژنەیەکی سەربەخۆ و ئێمە ھەموو دژی تیرۆرین و دژی ئەو لایەنەشین کە ھاوڵاتی دەکاتە ئامانج، بەڵام پێویستمان بەکاتە بۆ ھێورکردنەوە و دۆزینەوەی رێگەچارە".
سەرۆکی پەرلەمان رەخنەی توندیشی لە نەبوونی ھەماھەنگی لەنێوان پەرلەمان و حکومەت گرت و حکومەتیشی بە پەکخستنی رۆڵی پەرلەمان تۆمەتبار کرد. مەترسیی خۆشی پیشان دا لە پەرەسەندنی بارودۆخەکە بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لەبارەی پەرلەمانتار ئەحمەد عەلوانیشەوە کە پاش دەستگیرکردنی کێشەکان لە ئەنبار سەریان ھەڵدا گوتی، ئەو لە بەندیخانەیەکە لە بەغدا و بارودۆخی باشە، ئەمڕۆش شاندێکی پەرلەمان سەردانی دەکا.