ھەولێر
قوباد تاڵەبانی، دووەمین کوڕی جەلال تاڵەبانی لە پەیجی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، لەبارەی باوکی چەند لایەنێکی ژیانی نووسیوە، بەڵام بەھیچ جۆرێ باسی رەوشی تەندروستی مام جەلالی نەکردووە.
قوباد نووسیویەتی: موچەی مانگانەی مام جەلال بۆ نەخۆشخانەی ھیوا و دروستکردنی مزگەوت و کڕینی زەوی بۆ گۆڕستان بووەو کەسیش باسی نەکردووە، نەخۆشخانەی ھیوا ناوەندێکی تایبەتە بەچارەسەری شێرپەنجە لەشاری سلێمانی و گەورەترین ناوەندە لەعێراق و ھەرێمی کوردستان.
بەڵام قوباد بڕی موچەی باوکی ئاشکرا نەکردووە.
قوباد دیسان لەبارەی موچەو خەرجی مانگانەی سەرۆکایەتی کۆمار ئاشکرایکردووە: "نەسریەی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، تەرخانکراوە بۆ ھەتیوان و بێ سەرپەرشتان و بێوەژنە دەست کورتەکان، تا ئێستا ئەویش باسنەکراوە."
لەبەشێکی نووسینەکەیدا، قوباد نھێنی بۆینباخە سوورەکەی جەلال تاڵەبانی ئاشکرا دەکات کە لەزۆربەی بۆنەو ئاھەنگە جەماوەرییەکان لەملی دەکرد. لەمبارەیەوە دەنووسێ: "ئایا دەزانی ھەڤاڵ مام جەلال لەھەموو ئاھەنگ و بۆنە جەماوەرییەکان، بۆینباخی سووری دەبەست؟ ئەوە بەمانای خوێنی شەھیدان بوو، ھەروەھا لەکاتی وەستان بۆ وێنەگرتن مام جەلال دەستەکانی ئەخستە ناو یەک و پەنجەکانی لێك دەکردەوە، ئەوە بە مانای ئازادبوونی پارچەیەکی کوردستان بووە."
قوباد ٢١/٧/١٩٧٧ لەدایکبووەو کوڕی دووەمی جەلال تاڵەبانی و ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەدە. ساڵی ٢٠٠٦ کرایە نوێنەری حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا. لەکابینەی حەوتی حکومەتی ھەرێمدا گەڕایەوە بۆ کوردستان و پۆستێکی لە ئەنجومەنی وەزیران پێدرا.