Dlshad Saifaalddin Ahmed
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ ژنان لە بارەگای مەڵبەندی ١ی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی، پرسە و شیوەنیان بۆ تاڵەبانی گێڕا و سەرجەمیان وەک ماتەمینییەک خۆیان رەش پۆش کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا بە لاواندنەوە و گریانەوە وێنەکانی تاڵەبانیان بەرز کردبوویەوە.
ئەوان پاش نیوەڕۆی دوێنێ و دوای بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، ژمارەیەکی زۆریان ھاوشانی پیاوان گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری سلێمانی.
پرسەی ژنان لە ھەرێمی کوردستان گەرموگوڕی زیاترە لە پرسەی پیاوان، ئەوان زیاتر لاواندنەوە و شیوەن دەکەن بۆ کۆچکردووەکانیان، لە دوێنێشەوە ژنان لە سلێمانی زۆر بە ماتەمەوە شیوەن بۆ تاڵەبانی دەگێڕن و بەشێکیان لەخۆیان دەدەن (بەشێک لە ژنانی کورد لەکاتی پرسە و شیوەنەکاندا لەخۆیان دەدەن و سنگی خۆیان دەکوتن).
دوێنێ سەرکۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
بڕیارە رۆژی ھەینی لە کاتژمێر ١٢ تەرمەکەی لە ئەڵمانیاوە راستەوخۆ بگاتەوە شاری سلێمانی و لە گردی دەباشان لە نزیک ماڵەکەی خۆی لەسلێمانی بەخاک بسپێردرێت.