ماردین
سیاسەتوان و پەرلەمانتاری سەربەخۆ ئەحمەد تورک، دەربارەی دروستکردنی دیوار لە سنووری سوریا گوتی: "دیواری شەرم لە بەرلین رووخێنرا، بۆ ھەڵگرتنی دیواری شەرم لە قودسیش ھەموو جیھان لەسەر پێیە، بۆیە ئەمڕۆ دروستکردنی دیوار لە تورکیا بە راستی شوورەیەکی گەورەیە."
ئەحمەد تورک، سەردانی سەرۆکی شارەوانیی نسێبین عایشە گۆککانی کرد کە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دژی دروستکردنی دیوار لە سەر سنووری سوریا لە شارۆچکەی نسێبین مانیگرتووە.
تورک لە گوتەیەکدا رایگەیاند: "ئەوان بۆ پێشکەوتنی پڕۆسەی چارەسەری کاردەکەن، بەڵام ھەندێکی تر لەنێوان کوردان دیواری شەرم دروستدەکەن."
لە قسەکانیدا تورک، ئاماژەی بە نەمانی سنوورەکان لە جیھانکرد، بەمەش قۆناغێکی نوێی بازرگانی لەنێوان گەلان دەستی پێکرد. لەوبارەیەوە گوتی: "دروستکردنی دیوار بەمەبەستی دروستکردنی سنوور لەنێوان کوردان، بۆ تورکیا پەیامێکی باش نییە. ئەو سیاسەتە چاوەڕوانی کوردی لە دەوڵەت پووچەڵکردەوە. دیواری شەرم لە بەرلین رووخێنرا. بۆ نەھێشتنی دیواری قودسیش ھەموو جیھان لەسەر پێیە، بۆیە دروستکردنی دیوارێکی بەم شێوەیە ئەمڕۆ شوورەیەکی گەورەیە بۆ تورکیا. ئێمە دەڵێین پێویستە ھەموو کەس بەشداریی لەو پڕۆژەیە بکات کە دەخوازێ کورد و تورک لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەیەک بگەیەنێ، بۆ پێشخستنی ئەو تێزە داوا لەھەموو لایەک دەکەین ھەوڵەکانیان بخەنەگەر."ِ
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تورک دەڵێ: "ئەگەر تورکیا ھەڵوێستێکی دادپەروەر و یەکسان لەبەرامبەر کورد پەیڕەو بکات، تورکیا قازانج دەکات و دەبێتە ئەکتەرێکی گرنگ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام ھەر کەسێ کورد نەبینێ نە ناتوانێ ببێتە ئەکتەرێکی گرنگ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نە دەتوانێ لە چارەسەری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست رۆڵ ببینێ."