Azad Mohammed Abdullah
07 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
ئەندامى لێژنەى ماددەى ١٤٠ لە پەرلەمانى کوردستان، حاجى کاروان رایگەیاند "نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بەڵێنى کۆکردنەوەى بەڵگەى راستەقینەى رووداوەکانی خورماتوو و تەواوى سنوورى کەرکووکیان بە ئێمە داوە، ئێمەش داواى لێژنەیەکى بێلایەنمان کردووە".
ئەندامى لێژنەى ماددەى ١٤٠ لە پەرلەمانى کوردستان، كنعان نجم الدین احمد ناسراو بە حاجى كاروان لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەوەى ئێران بەرامبەر هەرێمى کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجامى دەدات پیلانگێڕى هەرێمییە، ئەوەى هێرشى بۆ سەر کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان کردووە تەنها سوپاى عێراق و حەشدى شەعبى نەبوو، بەڵکو سوپاى پاسدارانى ئێرانیشیان لەگەڵدا و قاسم سلێمانى سەرپەرشتى ئۆپەراسیۆنەکانى کردووە، ئامانج لێى پاکتاوکردنى نەتەوەی کورد و لە ناوبردنى مەزهەبى سوننەیە لە عێراق و هەروەها دیموگرافى تەواو ناوچەکە بگۆڕن و لە ئێستاشدا دەستیان کردووە بە گۆڕینى دیموگرافى چەند ناوچەیەک لەبرى ئەوەى هاووڵاتییانى کورد، تورکمان و سوننە لە شوێنى خۆیان بمێننەوە هاووڵاتییانى شیعەیان هێناوەتە بۆ ناوچەکە. ئامرلى شارێکى تورکماننشینە، لەگەڵ سلێمان بەگ کردوویانە بەیەک شار و هاووڵاتییانى شیعە مەزهەبییان لێ نیشتەجێکردووە، هەوڵێکى زۆریش دەدرێت بۆ ئەوەى ناوچەکەیان بۆ سەقامگیر بکرێن، هەڕەشەش لە سوننەکان دەکەن نەگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵى خۆیان".
گوتیشى: "حەشدى شەعبى دەستى بەسەر ناوچەکە داگرت، زۆر پێشێلکارى ئەنجامدرا. ئەو ئامارانەى دەست لێژنەى ماددەى ١٤٠ لە پەرلەمانى کوردستان کەوتوون بریتین لە ئاوارەبوونى١٠٠ بۆ ١٢٠ هەزار کەس لە کەرکووک و تەواوى ناوچە کێشە لەسەرەکان، کوژرانى زیاتر لە ٢٠ کەس و زیاتر لە ٢٥ کەس بێسەرشوێنکراون و زیاتر لە ٢٥٠ خانوو تەقێندراوەتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ خانوو تاڵانکراون لەلایەن حەشدى شەعبى. لەپاڵ ئەمەشدا بەشێکى زۆرى هاووڵاتییانى سنوورەکە زیانێکى گەورەى ماددییان بەرکەوتوو و سەدان ئۆتۆمبێلى بارهەڵگر کە بۆ کارى رۆژانە بەکاردەهێندرا حەشدى شەعبى بردوونى".
لەبارەى هەوڵەکانى لێژنەى ماددەى ١٤٠ی پەرلەمانى کوردستان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان حاجى كاروان دەڵێت "لە رووى دەرەوە ئێمە ئەو پێشێلکاری و تاوانانە بە دیکۆمێنت دەکەین کە لە کەرکووک و تەواوى ناوچە جێناکۆکەکان بەرامبەر هاووڵاتییان ئەنجام دراون، دواتر تەواوى بەڵگەکان دەگەیەنینە دادگاى نێودەوڵەتى تاوانەکان و کۆنسوڵ و نوێنەرى وڵاتان، هەروەها لە رووى نێوخۆییشەوە دەبێت دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتى ناوەند بکەین و هەموو فشارێکمان بەکاردەهێنین تاوەکو حکوومەتى عێراق بێتە ژێر بارى رێککەوتن و چارەسەر کردنى کێشەکان ئەو خەڵکە زەرەرمەندە، سوودمەند بێت".
ئەو ئەندامەى لێژنەى ماددەى ١٤٠ ى پەرلەمانى کوردستان دەشڵێت "ئێمە داوای لێژنەیەکى بێلایەن دەکەین لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان، لێژنەیەک لە هەموو فراکسیۆنەکانى پەرلەمانى پێکبهێت پێکەوە هەموو تاوانەکان بە دیکیۆمێنت بکەین".