ھەولێر
لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی باسی لە قەیرانی ئابووری هەرێمی كوردستان دەكات كە بە هۆیەوە نەیانتوانیوە بە باشی پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی زیاتری ئەو پارێزگایە جێبەجێ بكەن، لەوانەش پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی هەولێر، نوێژەنكردنەوەی قەڵای ئەو شارە و كردنەوەی خاڵی سنووری هاوبەش لەگەڵ توركیا.
وەك نەوزاد هادی باسی لێوە دەكات ئەو گوشارە ئابوورییە هاوكاتە لەگەڵ هاتنی بە لێشاوی پەنابەرانیش كە پێویستە خزمەتی ئەوانیش بكردرێ.
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، لە ئێستادا نزیكەی یەك ملیون و ٨٠٠ هەزار پەنابەر لە هەرێمی كوردستان دەژین.
بە بۆچوونی نەوزاد بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هاوكاتیش ئەو بارودۆخە سەربازییەی دوای گرتنی موسڵ و هێرشی چەكدارانی رێكخراوی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان هاتە ئاراوە، كاردانەوەی خراپی بووە لەسەر هەرێمی كوردستان.
پارێزگاری هەولێر ئەو بارودۆخە بە گرنگترین هۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەكان لە هەولێر و بە گشتی لە هەرێم دادەنێ.
پارێزگاری ھەولێر رەتی دەكاتەوە كە كۆمپانیاكان بە هۆی بارودۆخی ئەمنی لە هەرێم رۆیشتبێن، بەڵكوو بە بڕوای ئەو نەبوونی بودجە و نەبوونی پارە لە بانكەكان وای كردووە كە وەبەرھێنان كەم بكرێ و كۆمپانیاكانیش نەتوانن درێژە بە كارەكانیان بدەن.
شاری هەولێر لە ساڵی 2014 بە شاری گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی ناسرا بەڵام بە هۆی پێكدادانەكانی عێراق و دواتر هێرشی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بۆ سەر هەرێمی كوردستان، گەشتیارێكی كەمتر رووی لەو شارە كرد و نەوزاد هادی وێرای دانپێدانان بەو راستییە دەڵێ: "داعش وای كرد كە گەشتیارانی عەرەب لە باشوور و بیانییەكان بە گشتی سەردانی ھەرێمی كوردستان نەكەن".
لە بەشێكی دیكەی دیمانەكەدا نەوزاد هادی باسی لە كۆمەڵێك پرسی ناوخۆیی پارێزگای هەولێر كرد و لەوانەش كێشەی غاز كە بەم دوایانە لە هەولێر سەری هەڵداوە، لەو بارەوە پارێزگای هەولێر گوتی: "پرسی غاز لە لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابین دەكرێ ھەر چەندە پێشتر لە بێجی و ھەندی شوێنی دیكە لە شارەكانی عێراق بۆ ھەرێم و ھەموو عێراق دەنێردرا بەڵام دوای كەوتنی موسڵ ھەرێم توانی پشت بە سامانی خۆی ببەستێت و لە ناوچەی كۆرموو لە چەمچەمال غازی ھەرێمی كوردستان دابین بكات بە نسبەت كەم بوونی غاز لەو چەند رۆژەش لە وانەیە كێشەیەكی تەكنیكی بێ".
پۆستەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر كە دوای هەڵبژاردنەكانی 31/4/2014 زۆرینەی بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووە، لە ئێستادا دابەشكردنیی مشتومڕی لایەنەكانی سیاسی ناو هەرێمی لێكەوتووەتەوە. لەو بارەوە پارێزگار دەڵێ: "بە پێ یاسا پۆستەكان ھیچ كێشەیەكیان نییە بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بڕیاری داوە كە ھەموو لایەنەكان لەو ئەنجوومەنە بەشداربن ئەوش تەنیا بڕیارێكی سیاسییە و بە پێی یاسا ھیچ گرفتێك لە ھەولێر نییە".
قەڵای هەولێر كە ماوەیەك لەمەوپێش لە لایەن رێكخراوەی یونسكۆی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان خرایە نەخشەی شوێنەوارە جیهانییەكانەوە لە ئێستادا لەسەر بنەمای خشتەیەكی زانستی نوێژەن دەكرێتەوە، بەڵام بە گوتەی پارێزگاری هەولێر قەیرانی دارایی كاریگەریی هەبووە لەسەر نوێژەن كردنەوەی قەڵاكە و لەو بارەوە گوتی: "پێویستیمان بە بودجە ھەیە ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنەی كە سەرپەرشتی نوێژەن كردنەوە دەكەن وەك یونسكۆ ھیچ گرفتمان نییە و ئێستا قەڵای ھەولێر لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەكان دایە".
نەوزاد هادی لە بارەی فڕۆكەخانەی سەربازی شارۆچكەی هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر گوتی: "كۆمپانیایەكی توركی بە ناوی یوكسەل كە ئەركی دروستكردنی رێگاوبانی ناوچەكەی بە ئەستۆ بووە بە شێوەیەكی كاتی لەو شوێنە بووە و ئێستاش پڕۆژەكانیان بەرەو تەواو بوونە و داوامان كردووە كە ئەو شوێنە چۆل بكەن و ئێمەش ئەو فڕۆكەخانەیە رادەستی وەزارەتی پێشمەرگە دەكەین".
فڕۆكەخانەی هەریر لە نێوان ساڵانی 1982 بۆ 1988لە لایەن حكوومەتی بەعس، بە مەبەستی سەربازی دروستكراوە، درێژیی فڕۆكەخانەكە 1825 مەترە پانییەكەشی 460 مەترە، نزیكەی 100 كیلۆمەتر لە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران لە سنووری ئێران دوورە.
پارێزگای هەولێر هاوسنووری پارێزگای هەكاری یە لە توركیا و دەمێكە بەرپرسانی دوو لایەن بیر لە كردنەوە سنوورێكی هاوبەش دەكەنەوە بە مەبەستی هاتوچۆی هاووڵاتییانیان و ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان دوو لایەن بەڵام ئەو پرسە تا ئێستا نەكەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە، لەو بارەوە پارێزگای هەولێر دەڵێ: "لە ناوچەی زێ ھەر دوو لایەن بڕیاریانداوە كە دەروازەیەك بكرێتەوە و ئەو ناوچەیە شاخاویە و دەبێ رێگای بۆ دروست بكرێ و ئێستا لە لای توركیا رێگاكە دروست كراوە بەڵام لە لای ھەرێمی كوردستان بە ھۆی قەیرانی دارایی تا ئێستا نەمان توانیوە رێگاكە دروست بكەین".
پارێزگای هەولێر هاوكات رایگەیاند: "بە گشتی بازرگانی و پەیوەندیمان لەگەڵ توركیا باشە".