hemn husain
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 10 ئاب 2016
وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی بۆ گرێبەستە گشتییەکان راگەیاند و وەزیری پلاندانانیش ئاماژە بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو پڕۆژەیە دەکات و کاتی کۆتایی پلانەکەش دەخاتەڕوو.
وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کونسوڵخانەی وڵاتان، کۆنفڕانسێکی ئەنجامدا و تێیدا سیستەمی نوێی بۆ گرێبەستە گشتییەکان خستەڕوو.
لە دەستپێکی کۆنفڕانسەکەدا، وەزیری پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دکتۆر عەلی سندی گوتی: "هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە ئامادەکردنی پاشکۆیەکی تایبەت بە پڕۆژەی هابەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت و پاشان بە ئەلیکترۆنیکردنی پڕۆسەکە کە کارئاسانی زۆر دەکات لە ئەنجامدانی گرێبەستەکان و بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2018 تەواو بێت".
دکتۆر عەلی سندی گوتیشی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لەسەر کاراکردنی نەخشەڕێگای چاکسازی بۆ خزمەتکردنی خەڵک بە شێوەیەکی باشتر و رێز لە پشتگیری هاوبەشانی نێودەوڵەتی پەرەپێدان دەگرێت".
بەڕێوەبەری گشتی پلانی پڕۆژەکانیش ئاماژە بەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا کار بە رێنمایی کۆن دەکرا و لە ئێستاشدا رێنماییەکان بە جۆرێک داڕێژراون کە لەبەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە و ئەوەیش بەهۆی گرنگی پێدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو بابەتە و، وەزارەتی پلاندانان لێژنەیەکی پێکهێناوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوونێکی وردی پڕۆسەی تازەکردنەوەی گرێبەستی گشتی بکەن.
بەڕێوەبەری گشتی پلانی پڕۆژەکان لە وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زاگرۆس فەتاح لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە رێنماییەکی تازەیە بۆ ئەوەی لەمەودوا حکوومەت کار بکات بە گرێبەستییە گشتییەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکو هەر حکوومەتێکی دیکە کۆمەڵێک پارەی لەبەردەستدایە و لە پڕۆژەکان خەرجی دەکات، ئەمە پێشتر بە سیستەم و یاسا و رێنماییەکی کۆن جێبەجێ دەکرا و ئێستاش لە عێراق بە هەمان یاسا کۆنەکە جێبەجێ دەکرێت بەڵام ئێمە هەستاین بە دەرکردنی رێنماییەکی تازە بۆ گرێبەستەکانی حکوومەت کە ئەمە سیستەمێکی شەفافترە بۆ ئەو بەڵێندەرانەی کە لەناو هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ئەم رێنماییەش بە هاوکاری بانکی نێودەوڵەتی و پارێزگاکان و لایەنەکانی دیکەی حکوومەت دەرچووە".
سەبارەت بە باشترین خاڵیش کە گۆڕانکاری تێداکراوە، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە ئاماژەی بە پۆڵێنکردنی بەڵێندەران کرد و گوتی: "باشترین شت کە گۆڕانکاری کراوە، تیشک خراوەتە سەر پۆڵینکردنی بەڵێندەران چونکە پێشتر لەسەر بنەمای پلە، کار لەگەڵ بەڵێندەران دەکرا واتا کۆمپانیایەکە پلەی چەند بوایە بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا بەڵام لەو رێنماییە تازەیە تیشک خراوەتە سەر توانای بەڵێندەران کە ئەوەیش یەکێکە لە خاڵە باشەکانی ناو رێنماییەکە".
زۆرجار رێنماییەکان دوای ماوەیەکی کورت گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و ئەوەیش نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوە، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە پێی وایە ئەگەر گۆڕانکاریشی تێدا بکرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەبێت وگوتی: "ئێستا ئەمە رێنماییەکی زۆر پوخت و چاکە، بەڵام هیچ شتێک نییە کە جێگیربێت و هەمیشە پێویستمان بە نوێبوونەوە و گۆڕانکاری هەیە، هەرچەندە ئێستا ئەو رێنماییە هیچ کێشەی و کەموکوڕی تێدا نییە بەڵام ئەگەر لە چەند ساڵی داهاتووشدا دەستکاری بکرێت ئەوا بە شێوەیەکی باشتر لەوەی ئێستا دەستکاری دەکرێت و لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەبێت".
رێنماییە نوێیەکە بە شێوەیەکی فەرمی لە مانگی شوباتی 2016دا دەرچووە و ئەوەیش بە ئەنجام گەیشتنی هەوڵی لێژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتەکان بوو کە ماوەی دوو ساڵی خایاند و بەوەیش کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە سیستەمەکەدا کرا و بەپێی تازەترین لێکۆڵینەوەکانی بانکی نێودەوڵەتی، گرێبەستی گشتی رۆڵێکی سەرەەکی هەیە لە راستەڕێکردنی خەرجییە گشتییەکان و تۆکمەکردنی بەرپرسیاریەتی و بەشداربوون لە پەرەپێدانێکی بەردەوامدا.