Hemn Baban
02 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت "ھیچ لایەنێک بەڕەسمی داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستانی نەکردووە".
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی پارتی، نێچیرڤان بارزانی و ئەندامێتی ھەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ھۆشیار زێباری، ئازاد بەرواری، مەحمود محەمەد و ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە عەلی حوسێن سەردانی بارەگای ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە شاری ھەولێریان کرد و لە پێشوازیی شاندەکە ھەریەک لە ئەمیری کۆمەڵ، عەلی باپیر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی عەبدولستار مەجید و دلێر گەرمیانی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵ، سەلیم کۆیی ھەبوون.
بەپێی قسەی ھەردوولا تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی ھەرێم، عێراق، پێشھاتەکانی تایبەت بە پێکھێنانی حکوومەتی عێراق و ھەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستان ئەجێندای کارەکانی کۆبوونەوەی ھەردوولا بوون.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە بۆ ھەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد و لە کۆمەڵی ئیسلامیش، عەبدولستار مەجید بەسترا تیشک خرایە سەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ھەردوولا کە نزیکەی ٤٥ خولەکی خایاند.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی، عەبدولستار مەجید لەوبارەیەوە رایگەیاند "گفتوگۆکان سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بوو لەگەڵ شاندی پارتی، ھەروەھا باسی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی پەرلەمانی کوردستانیش بوو، ھاوکات باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان پارتی و کۆمەڵ کرا".
سەبارەت بە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق عەبدولستار مەجید گوتی: "ئێمە وای دەبینین ئەوەی لە قازانجی ھەرێمی کوردستان و ھاووڵاتییانییەتی ئەوەیە تیایدا بگەین بە ئەنجام و باسمان لەوەکرد کە چوار لایەنی سیاسی لە کوردستان رێککەوتووین لەسەر پڕۆژەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی عێراق بە مەبەستی پێکھێنانی کابینەی نوێ، دیارە برادەرانی پارتی و یەکێتیش کە ھەردوولا تەشریفیان ھێناوە ھەردوولایان پڕۆژەیەکیان ھەیە، ئێمەش ئەوەمان راگەیاندووە کە ئەو پڕۆژەمان پێبگات تاوتوێی دەکەن، ئێمە بە پێویستی دەزانیین ھەر ھەنگاوێک پەیوەندیی بە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بێت بە کارێکی باش و گونجاوی دەزانیین".
ھەرچی پەیوەستە بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیش ئەوا عەبدولستار مەجید گوتی: "ئەم بارودۆخەی ئێستاشمان ئەوا پەرلەمان و حکوومەتیش پێویست بەوە دەکات کە گۆڕانکاریی تیادا بکرێت و حکوومەتێکی دیکە و پەرلەمانێکی دیکە دروست بکرێت، چونکە نە حکوومەت دەتوانێت حکوومەتایەتی خۆی بکات، چونکە سێ پێکھاتەی گەورە لەو حکوومەتە کشاونەتەوە، ھەروەھا پەرلەمانیش بە بارودۆخێکی ناخۆشدا تێدەپەڕێت، بۆیە بەباشی دەزانین و لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، بەڵام ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت و گوزارشت لە قەناعەتی خەڵک بکات نەوەک وەکو ئەوە بێت کە لە ١٢ی ئایار روویدا".
عەبدولستار مەجید لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن کە ئاژانسی ئانادۆڵوش لەوێ رووماڵی کۆنگرەکەی دەکرد گوتی: "ئێمە لە کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەین کە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییەکان باش ببێت بۆ بەرژەوەندیی ئەم وڵاتە ئەو پەیوەندییانەشمان بەردەوام بێت، بەڵام ھەندێک شت لە رابردوو روویانداوە، پێویستە ئەو بارودۆخە باش بکرێتەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان موراجەعەی ھەندێک شت بکاتەوە و چاکیان بکاتەوە و لەئاستێکدا بین کە ئەم وڵاتە چی پێویست بێت ئەوە بکەین".
لە لای خۆیەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن رایگەیاند "سەردانەکەمان بۆ لای کۆمەڵی ئیسلامی بۆ باسکردنی سێ تەوەری سەرەکی بوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی پارتی و کۆمەڵ، ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول، پێکھێنانی حکوومەتی فیدڕاڵ. پەیوەست بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان گفتوگۆ کرا و بناغەیەکی باش بوو بۆ ئەوەی چاوخشاندنەوە بە پەیوەندیییەکان بکەین و ھاتوچۆ دەست پێبکەینەوە و ھۆکارەکانی ئەو ھەوارز و نشێوییانەی کەوتوونەتە نێو پەیوەندییەکانمانەوە لێی بکۆڵینەوە".
مەحمود محەمەد گوتی: "کۆمەڵی ئیسلامی پێی باشە کە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، ئێمەش پێمان باشە کە پشتیوانییەکی سیاسى و کۆمەڵایەتی بۆ حکوومەتی داھاتوو دروست بکەین لە رێگەی ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکوومەت و پەرلەمان".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد لە درێژەی قسەکانیدا روونیکردەوە "ئێمە و برایانمان لە یەکێتی پڕۆژەیەکی ھاوبەش و لێژنەیەکی ھاوبەشمان ھەبوو، لەگەڵ نووسینەوەی پڕۆژەکە پێمان باش بوو ئێمە و یەکێتی بەتەنھا نەبین، ئەو چوار لایەنانەی دیکەش بێنە نێو پڕۆژەکە، پێمان باش بوو پڕۆژەی ھەردوولا تێکەڵ بکەین و یەک کوتلەی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ ئەوەی ئەو کێشە و رکابەرایەتییانەی کە رووبەڕوومان دەبنەوە تیادا پێکەوەبین و یەکڕیزی نێوماڵی کوردی لەوێ وە دەست پێبکەینەوە".
مەحمود محەمەد ئەوەشی گوت "بەگشتی دانیشتنێکی باشمان کرد و سەرەتایەکە بۆ ئەوەی دەست بکەین بەھەندێک ئیشوکار کە دەبوو پێشتر بمانکردبا و ئەگەر بەیەکەوە بین دەتوانین پێکەوە پێویستییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکەین".
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "بڕیارەکەی چوار لایەنەکە رێگر بوو لەوەی پێشتر سەردانی ئەو چوار لایەنە بکەین، بۆیە ئێستا دەمانەوێت بەکاتێکی کورت ئەوەی دەمانەوێت بیکەین".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحمود محەمەد گوتیشی: "ھیچ لایەنێک داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی نەکردووە، چونکە ئەو داواکارییە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بەپێی یاسا، بەڵام ھیچ لایەنێک نایەوێت لە ترسی دەنگی خەڵک بڵێت، نایانەوێت ھەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام دەیانەوێت مەسەلەکە بخەنە نێو سوشیاڵ میدیا و راگەیاندن و ئەمەش رێی راستەقینە نییە".
ھەر لە درێژەی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنووساندا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی عەبدولستار مەجید بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردن لە وادەی خۆی ئەنجامبدرێت، چونکە مافی خەڵکە و پابەندبوونیشە بە پڕنسیپ و بڕیارەکانی خۆشمانەوە، ئێمە پێمان باشە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری و ھەموو لایەنێک بەشداریی بکەین".
ھەروەھا روونیکردەوە "بەپێی وەڵامەکانی کۆمیسیۆنی ئێستاش تۆماری دەنگدەران ھێشتا کێشەی تیادایە، ھەروەھا کێشەی کورسیی کۆتاکانمان ھەیە کە دەمانەوێت خۆیان دەنگ بەخۆیان بدەن، ئەمەش ئیستیغلال دەکرێت بۆ حزب یان لایەنێک جگە لەوەی تۆماری دەنگدانی تایبەتیش کێشەی تیادایە و دەمانەوێت کۆمیسیۆن ئەرکەکانی خۆی وەک خۆی جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجامبدەین".
عەبدولستار مەجید لەبارەی کێشەکانی پەیوەست بە چەند کارمەندێکی ئەوان و کادیرێکی ئەوان گوتی: "یەکێک لە کێشەکانی ئێمە ئەوەیە ئەو تۆمەتانەیە کە بەرامبەر بە کۆمەڵی ئیسلامی دروست دەکرێن و ئەو تۆمەتانەی ئەمدواییە بەرامبەر بە مامۆستا سەلیم شوشکەیی و خەڵکانێکی دیکەش لە کۆمەڵی ئیسلامی دروستکراون رێگر بوو لە بەردەم ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانمان و ئەمەش لە ئایندەدا کە وەکو بەڵێنی چارەسەرکردنی دراوە ئەگەر چارەسەر ببێت ئومێد دەکەین پەیوەندییەکانمان بەرەو باشتر بچن".