هەولێر
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان كەریم شنگالی دەڵێت داوای چەكی دژە مین و خۆكوژمان كردووە لە پاڵ ئەوەشدا داوای جلوبەرگ و ماسكی دژە چەكی كیمیاییان لە ئەمریكا كردووە.
9ی نیسانی ئەمساڵ شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی جێگری سەرۆكی حكوومەت قوباد تاڵەبانی و ئەندامێتی وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەش بەوەكالەت كەریم شنگالی و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان فەلاح مستەفا سەردانێكییان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ئەنجامدا و ئەمڕۆ پێنجشەممە تاڵەبانی و شنگالی لەگەڵ گوتەبێژی حكوومەتی هەرێم سەفین دزەیی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن هەرێمی كوردستان باسیان لە سەردانەكە و وردەكارییەكانی كرد.
قوباد تاڵەبانی كە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ نوێنەرانی دەزگاكانی راگەیاندن كۆبوویەوە لە سەرەتای قسەكانیدا پیرۆزبایی ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی كە 118 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی "كوردستان" لە قاهیرە تێدەپەڕێت لە رۆژنامەنووسان و خەڵكی كوردستان كرد و دواتر هۆكاری سەردانەكەیان بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خستە روو.
تاڵەبانی لەوبارەیەوە روونی كردەوە هۆكارەكانی سەردانەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گوتی: "بۆ بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بوو، هەروەها كاتەكەشی هەستیار بوو كە عێراق و ناوچەكەش لە بارودۆخێكی تایبەتدایە، كوردستانیش بە دۆخێكی ئابووریی سەختدا دەڕوات لەگەڵ كێشەی پەنابەر و ئاوارەیەكی زۆر، هەروەها كۆبوونەوەیەك بۆ دژایەتیكردنی داعشیش هەیە".
تاڵەبانی گوتیشی دەبێت پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بەردەوام بن، باسی لەوەش كرد كە پەیوەندیی دیلپۆماسی هەرێم لە نەوەدەكان لاواز و وەكو پێویست بووە و ئێستا باش بووە و هەرێمی كوردستان لەگەڵ زۆرینەی پایتەختە كاریگەرەكانی دونیا پەیوەندیی هەیە و لەلای ئەوان ناسراوە، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ولاتانی جیهان لە ئاستێكی بەرزادیە، ئەو سەردانەشمان بۆ بونیادنانی پەیوەندیی درێژخایەن بووە.
جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا گوتی لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێس و سیناتی ئەمریكاوە میوانداریی كراون و لەگەڵ ژمارەیەك لە سەنتەرەكانی توێژینەوە و كۆمەڵەی بازرگانیش دانیشتنییان هەبووە و بە راشكاوی باس لە تەواوی بارودۆخی عێراق كراوە.
هەروەها ئەوان سەرباری كۆشكی سپی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایان كردووە و لەگەڵ جێگری وەزیر كۆبوونەتەوە هەروەها لە گەڵ بەشەكانی دیكەی ئاوارەكان و دارایی كۆبوونەتەوە، سەرباری كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی گەنجینەش و باسیان لە هەنگاوەكانی لەناوبردنی داعش و قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەیان كردووە لەوانە بارودۆخی مووسڵ و رزگاركردنی لەدەستی داعش و پاش رزگاركردنیشی.
سەبارەت بە پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا قوباد تاڵەبانی گوتی تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكانییان كردووە و روونی كردەوە "باسی ئەوەشمان كرد كە هەرێمی كوردستان چی پێ دەكرێت بۆ لەناوبردنی داعش".
لەمیانی قسەكانیدا چەندین جار ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لەلایەن بەرپرسانی ئەمریكاوە رێز و حورمەتی زۆر بۆ خەڵكی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە بەتایبەت هەبوون و لە هەموو شوێنەكاندا باسی گرنگیی پێشمەرگە وەكو هێزێكی كاریگەری دژ بە داعش كراوە.
گوتیشی: "ئەمریكییەكان سوپاسی كوردیان كرد كە لە دوا كێشەی سیاسی لە عێراق نەبوون بە بەشێك لە كێشەكان و یەكڕیزی لایەنەكانییان بەرز هەڵسەنگاند".
دەربارەی قەیرانی دارایی هەرێمیش جێگری سەرۆكی حكوومەت كە رووبەڕوو لەگەڵ رۆژنامەنووساندا لەسەر یەك مێز لەگەڵ هاوەڵەكانیدا كۆبوویەوە گوتی: "سەرچاوەی كێشەكەمان بۆ باسكردن و ئەو هەوڵانەشی كە ئێمە دەینێین بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە و هەوڵەكان بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئەوان ئاگاداری هەنگاوەكانی ئێمەش بووبوون".
گوتیشی: "راشكاوانە بە بەرپرسانی ئەمریكیمان راگەیاند كە بەبێ هاوكاری راستەوخۆی ماددی و مەعنەوی ئەمریكا كاریگەری نێگەتیڤ لەسەر بەرەكانی جەنگ لەگەڵ داعش دروست دەبێت".
هێمای بۆ ئەوەشكرد كە بارودۆخی ئاوارەكانییان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا باس كردووە كە ئێستا خۆی لە ملیۆنێك و 800 هەزار دەدات و لە هەرێمی كوردستانن و ئەوەش 30 لەسەدی رێژەی دانیشتوانی زیادكردووە لەماوەیەكی كەمدا.
روونیشیكردەوە "ئەوان بە جدی هەنگاوەكان تاوتوێ دەكەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئاوارەكان بگەڕێنرێنەوە ناوچەكانی خۆیان كە ئەوە بەتەنها پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری نییە، بەڵكو پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە و شتی دیكەشە".
ئەوەشی گوت كە ئەوان لەگەڵ بەشێك لە رەوەندی كوردی لە ئەمریكا كۆبوونەتەوە.
دواتر وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێم كە هاوكات وەزیری پێشمەرگەشە بەوەكالەت كەریم شنگالی هاوشێوەی تاڵەبانی پیرۆزبایی ساڵیادی رۆژنامەگەریی كوردی لە رۆژنامەنووسان كرد و لەبارەی سەردانەكەوە و گوتی "ئەمریكییەكان بەڕێزەوە تەماشای پێشمەرگە دەكەن و پێشمەرگە جێی تەقدیر بوو".
گوتیشی: "ئێمە داوای هاوكاری ماددی و مەعنەویمان كرد، چونكە بەشێك لە خەڵكی كوردستان پێشمەرگەن كە بە راستەوخۆ لە بوودجەی شوێنییان هەیە، ئێمە گوتمان دەبێت ئەمریكا بەردەوام بێت لە هاوكارییە سەربازییەكانی بۆ پێشمەرگە لە مەشق و راهێنان و هاوكاریی دیكە وەكو چەك و تەقەمەنی".
ئەوەشی زیاد كرد كە داوای هاوكارییان لە ئەمریكا كردووە بۆ چاكسازیكردن و رێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ببێتە وەزارەتێكی پڕۆفیشناڵ بەپێی قسەكانی شنگالی.
شنگالی ئەوەشی گوت: "پێمان گوتن كە پێویستە پاش رزگاركردنی مووسڵیش لە دەستی داعش هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە تاوەكو ئاوارەكان دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان، هەروەها بۆ رێگەگرتن لە دەركەوتنی گرووپی دیكەی تیرۆریستی".
ناوبراو ئەوەشی ئاشكراكرد كە داوایان لە ئەمریكا كردووە چەكی ئەوتۆ بە هێزەكانی پێشمەرگە بدرێت كە دژی مین و خۆكوژەكان بێت، چونكە بەشێكی زۆر لە قوربانییانی پێشمەرگە لەوانەوەیە، لە پاڵ ئەوەشدا شاندەكەی هەرێمی كوردستان داوای چەك و ماسك و جلوبەرگی خۆپارێزییان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە چەكی كیمیایی كردووە.
جێگری سەرۆكی حكوومەت لە درێژەی قسەكانیدا بۆ رۆژنامەنووسان باسی لەوەكرد ئەمریكییەكان رەزامەند بوون لەسەر پێدانی 415 ملیۆن دۆلار بە هەرێمی كوردستان و 65 ملیۆن دۆلاری دیكەش پێش ئەو سەردانەمان تەرخانكراوە بۆ مەشق و راهێنان و دابینكردنی پێویستی و چەك و تەقەمەنی دوو لیوای هێزەكانی پێشمەرگە.
دەرباری پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیش گوتی: "سەربەخۆیی مافی رەوای گەلی كوردستان و لە كۆبوونەوە گشتییەكاندا ئەوەمان باس كردووە كە سەربەخۆبوونی كوردستان پرۆسەیەكە لە مێژە گفتوگۆی لەسەر كراوە و دەبێت بەردەوام بێت لەنێوان هەرێم و عێراق و هەرێم و وڵاتانی دیكەش".
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی گوت كە ئەو 415 ملیۆن دۆلارەی ئەمریكا بڕیاری لێ داوە بە پێشمەرگەی بگەیەنێت زۆر پێویستە و لەكاتی زۆر پێویستدایە و بەشێك لە قورساییەكان لە كۆڵی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، ئەوەشی راگەیاند "نازانیین ئەو پارەیە چۆن و كەی و بە چی میكانیزمێك دەگاتە دەستمان، بەڵام لە داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی تەكنیكیمان لەگەڵ ئەمریكییەكان دەبێت بۆ باسكردنی ئەو پرسە".
گوتیشی "ئەو هاوكارییەی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە زۆر گرنگە و رەنگە دەرگا بۆ وڵاتانی دیكەش بكاتەوە بۆ ئەوەی هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگە بكەن و ئێمە لەوبارەیەوە بەردەوام دەبین".
تاڵەبانی لە درێژەی قسەكانیدا هاتەوە سەر باسی قەیرانی دارایی و گوتی كورتهێنانی مانگانەی بوودجەی هەرێمی كوردستان لە 400 ملیۆن دۆلارەوە بووە بە 100 ملیۆن دۆلار كە ئەوەش بەهۆی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و رێوشوێنی دیكەبووە، گوتیشی "ئێمە رۆژێك بڕیاری سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتمان دا نرخی بەرمیلی نەوت بە 60 دۆلار بوو، مانگی رابردوو چەند رۆژێك نەوتی هەرێم نەچووەتە دەرەوە بەهۆی كێشەیەكەوە، هەروەها مانگێك دەبێت كۆمپانیای نەوتی باكوور هەناردەكردنی نەوتی راگرتووە، بۆیە لەپاڵ قەیرانە گەورەكە رووبەرووی كێشەی دیكەش دەبینەوە لەنموونەی ئەوانە".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە راكێشانی دوو بۆریی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران قوباد تاڵەبانی گوتی: "تا ئێستا هیچ گرێبەستێك لەوبارەیەوە نەكراوە، بەڵام شاندی هەرێم چەند جارێك چوونەتە ئێران، حكوومەتی هەرێم دەیەوێت دەروازەی دیكەمان بۆ هەناردەكردنی نەوت و غاز هەبێت".
سەبارەت بە رزگاركردنی مووسڵ و بەشداری پیشمەرگەش لەو شەڕە جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی گوتی: " ئێمە دەبێت پلانی رزگاركردنمان لەلا بێت، بزانین چۆن دەبێت، چی دەبێت، رۆڵەكان چیین؟ كام بەشەی هێزەكانی عێراق لەو كردارە بەشدار دەبێت، رۆڵی حەشدی شەعبی چی دەبێت و كامیان بەشداردەبن و دوا رۆژی بارودۆخی ئەو شوێنە چۆن دەبێت؟ لەگەڵ ئەوەشدا گوتی "رزگاركردنی مووسڵ بۆ ئێمە و ئەمریكا و عێراقیش ئەولەوییەتە".
وەزیری ناوخۆی هەرێم كەریم شنگالی كە وەزیری پێشمەرگەشە بە وەكالەت سەبارەت بە كاتی رزگاركردنی مووسڵ گوتی "ئەگەر عێراق ئامادەیی هەبێت لەگەڵ هاوپەیمانانیش ئەوا پێشمەرگەش ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەمساڵ مووسڵ رزگاربكرێت، ئەگەر ئامادەیی نەبوو نابێت".
گوتیشی ئێستا حەوت وڵات هێزیان لە هەرێم هەیە و مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن.
news_share_descriptionsubscription_contact



