hemn husain
22 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2016
هەولێر
لە دەرووبەری شاری هەولێر و نزیك جادەی ١٢٠ مەتری، بە سەدان هەزار كۆنەتایەی ئۆتۆمبێل دەبینرێت كە بووەتە چیایەك لەو ناوچەیە و رۆژانە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دەبینین كە چەندین كۆنە تایەیان باركردووە و لەو شوێنە فڕێی دەدەن، خاوەنی زەوییەكەش هاوكات بووەتە خاوەنی تایە كۆنەكان و ئاماژە بەوە دەكات كە كۆكردنەوەی ئەم تایە كۆنانەی ئۆتۆمبێل مەبەستی تایبەتی هەبووە بەڵام ئیستا بە هۆی بارودۆخی دارایی كارەكانییان راگرتووە.
خاوەنی كارگە هیوا دەهام لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە كاری كۆكردنەوەی تایەمان بۆ ئەوە بوو كە وڵاتەكەمان پێویستی بەوە نەبێت نەوت لە دەربهێنێت، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٠ دەستمان بە كۆكردنەوەی كۆنە تایەكان كرد، كە بیرۆكەكەمان وابوو ئەو كۆنەتایانە بە شێوەیەكی زۆر درووست كۆ بكەینەوە و جارێكی دیكە بتوانین لە رێگای كارگەوە سوودی لێ ببین بیكەین بە كەرستەیەكی دیكە".
هیوا دەهام ئاماژەی بەوەشكرد كە توانیوویانە ئەم كۆنەتایانە دووبارە بكەنەوە بە كەرستەی دیكە و گوتی: "بیرمان لەوە كردەوە كە كارگەیەك دروست بكەین و ئەم كۆنەتایانە لەناوببەین و بیانكەین بە كەرستەیەك كە سوودی بۆ هەمووان هەبێت و ئەوە بوو لە رێگای ئەو كارگەیەوە ئەو كۆنەتایانەمان كردەوە بە نەوتی خاو".
سەبارەت بە هەماهەنگییان لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە، خاوەنی كارگەكە رایدەگەیەنێت كە هیچ داواكارییەكیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە بەڵكو ئەوان وەكو كەرتی تایبەت تەنیا مۆڵەتییان وەرگرتووە و گوتی: "هیچ داواكارییەكمان لە حكوومەت نەكردووە، بەڵكو وەكو كەرتی تایبەت ئەو كارگەیەمان درووست كرد و حكوومەتیش مۆڵەتی پێماندا بەڵام لە ئێستادا كارگەكەمان راگرتووە لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان هەبوونی شەڕی داعش و دووەمیان دابەزینی نرخی نەوت".
ئامانج لە كۆكردنەوەی تایە كۆنەكان، بەرهەمهێنانی چەند كەرستەیەكە و دواتر بۆ مەبەستی دیكە بەكاردێت، هیوا دەهام ئاماژە بە كەرستەكانی دیكە دەكات و دەڵێت "ئێمە لە كۆنەتایەكان سێ كەرستەمان درووست دەكرد وەكو، نەوتی خاو، كاربۆنی رەش، ستیل، كە ئەم كەرستانەش دەتوانرێت سوودیان لێ ببینین بۆ نموونە، نەوتی خاو دەتوانین بیدەین بە هەموو پاڵاوگەكان بۆ ئەوەی ئەوانیش بیكەن بە گاز و بەنزین و روون، كەرستەی دووەم بریتییە لە كاربۆنی رەش، كە ئێستا رێژەیەكی زۆر لەلامان ماوەتەوە، بەڵام بیرمان لێ كردووەتەوە لە داهاتوودا بیكەین بە فریزی یاریگا، كەرستەی سێیەم بریتییە لە ستیل (ئاسن) كە ئەویش زۆر بە ئاسانی دەینێرین بۆ كارگەی درووستكردنی شیش و لەوێ دەتوانن سوودی لێ ببیننەوە و دەیكەنەوە بە ئاسنی گونجاو".
هیوا دەهام ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرەتا بە ئۆتۆمبیلی خۆیان تایەكۆنەكانییان گواستووەتەوە كە ئەمەش هەم بۆخۆیان سوودیان لێ وەرگرتووە و هەم جۆرێك بووە لە پاككردنەوەی شار و گوتی: "ئێمە هەڵساین بە پاككردنەوەی شار و بە ئۆتۆمبێلی خۆمان دەگەڕاین و تایە كۆنەكانمان دەگواستنەوە بۆ ئەو زەوییەی كە كەوتووەتە نزیك جادەی ١٢٠ مەتری ئەمەش بەشێك بوو لە پاككردنەوەی شار و لەلایەكی دیكەوەش بۆخۆمان سوودمان لێ دەبینی".
هیوا دەهام ئاماژەی بە قەبارە و چۆنیەتی بەرهەمەكان كرد و لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: "ئەگەر تایەكە پاك بێت و هیچ كەرستەیەكی دیكەی لەگەڵدا نەبێت ئەوا سەدا ٤٠ نەوتی لێ درووست دەبێت و سەدا ٣٠ كاربۆنی رەش و سەدا ١٠ تێل كە لە رێگای كارگەوە دەكرێتە شیش و هاووڵاتییان لێی سوومەند دەبن، جگە لە كەرستەی تایە ئەوا ئێمە كۆنە ئاسن و پلاستیك كۆ دەكەینەوە و دووبارە لە رێگای كارگەوە دەتوانین سوودی لێ ببینین".
خاوەنی ئەو كارگەیە پێی وایە ئەگەر بتوانن كارەكانییان بەتەواوی جێبەجێ بكەن ئەوا پێویست ناكات تایەی ئۆتۆمبێل هاوردە بكرێت و گوتی: " دەتوانین لە جیاتی ئەوەی لە ژاپۆن و چین و وڵاتانی دیكەوە تایەی ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەین بۆخۆمان لە رێگای ئەو كارگەیەوە بەرهەمی بهێنین بە سوود وەرگرتن لە تایە كۆنەكان و بەم جۆرەش دەتوانین پێداویستییەكان دابین بكەین".
كارگەكەی هیوا دەهام دەكەوێتە نزیك شارەدێی دیبەگەی سەر بە پارێزگای هەولێر كە بە گوتەی خاوەن كارەكە ئەم كارگەیە لە كۆی یەك تۆن تایە توانای ئەوەی ھەیە بەڕێژەی ٤٠% بكرێتەوە بە نەوتی خاو و بە رێژەی ٣٠% پاشماوكەیەتی كە دەبێتە كاربۆنی رەش و ماددەكانی تاتان كە بۆ ناو یاریگا دەستكردەكان بەكار دەهێنرێت، ھەروەھا ١٥%ی تایەش تێلەكەیەتی، كە لە رێگای كارگەی توانەوەی ئاسن دەكرێتەوە شیش.
بەپێی ئامارەكان نزیكەی یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەم پێیەش ماوەی شەش ساڵە زۆرترین كۆنەتایە لەم شوێنە كۆدەكرێتەوە و ئەم شوێنەی تایەكانی لێ كۆكراوەتەوە، زەوییەكی چەند هەزار مەترییە و چەند كەسێكیش پاسەوانییەتی لە تایە كۆنەكان دەكەن لە ترسی ئاگركەوتنەوە و رووداوی نەخوازراو.