ھەولێر
وەزیری داد شێروان حەیدەری، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا سەفەرەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا و ئیمزاکردنی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ ئەو وڵاتە بە یاسایی ناوبرد.
حەیدەری گوتی:" حکومەتی ئێستای ھەرێم، حکومەتێکی ئاسایی و یاساییە و دەتوانێ ھەموو کارەکانی حکومەت بکا. ئەو حکومەتەی ئێستا کار بەرێکەر نییە."
ئەم روونکردنەوانەی وەزیری دادی حکومەتی ھەرێم لەکاتێکدایە، چەند پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان گوتیان سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا و ئیمزاکردنی گرێبەست، یاسایی نییە.
حەیدەری روونکردنەوەی زیاتریدا لەسەر یاساییبوونی کاروبارەکانی حکومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی: " بەپێی یاسای ئەنجومەنی وەزیران، ئەو حکومەتەی ئێستا تەواو یاساییەو کار بەڕێکەر نییە لەبەر دوو ھۆکار، یەکەم: تا ئێستا حکومەتی ھەرێم دەست لەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆکایەتیی ھەرێم نەکردووە تا ببێتە کار بەڕێکەر، دووەم ھەروەھا پاڵێوراوی لایەنی براوەی یەکەم لەھەڵبژاردندا تا ئێستا لەلایەن پەرلەمانەوە بەفەرمی رانەسپێردراوە بۆ پێکھێنانی کابینە."
حەیدەری باسی لەوەشکرد ئەو بۆچوونانە لەمەڕ یاساییبوونی حکومەتی ھەرێم کە لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ درێژکرایەوە و ئەو وادەیە لە ٢١/١١ کۆتایی پێدێ گوتی: "دەستەی راوێژکاریی ئەنجومەنی شورا بە نووسراوی ٣٤ لە ٢٩/١٠/٢٠١٣ ھەمان بۆچوونی ھەبووە لەکاتی پرسیاری حکومەتی ھەرێم."