ئەستەنبوڵ
سەرکۆماری تورکیا (عەبدولڵا گول) دوێنێ دوای بەشدارییکردنی لەنوێژی ھەینی بەگرنیگییەوە باسی کۆمەڵکوژیی سوریای کردو بە تاوانێکی زۆر گەورە وەسفیکرد.
گول گوتی "ھیچ مرۆڤێک نییە لەبەرامبەر ئەم تاوانە گەورەیە نەتاسێ و لە ناخەوە خەمبار نەبێ. پێویستە ئەوەش بڵێم بکۆژانی سوریا رووڕەشی مێژوون، ھەر بە نەفرەتلێکراویش دەمێننەوە. بە دڵنیاییەوە رۆژێکیش دێ حەق و حیسابیان لەگەڵ بکرێ".
سەرکۆماری تورکیا جەختیکردەوە وڵاتەکەی خوازیارە ھەرچی زووە لیژنەی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بچنە ئەو شوێنانەی کیمیابارانکراون و راستی تاوانەکە بۆ خەڵکی دنیا ئاشکرا بکەن. لەبارەی سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر سوریا گول بەڕاشکاویی گوتی
"ئێمە قسەی خۆمان لەسەر سوریا و خەڵکەکەی کردووە، ھیچ شتێکمان نەماوە بیڵێین. لەمەودوا ئەوەی پێویستبێ لەسەرمان ھەنگاوی راستەقینەیە بۆ بەرەوپیرەوە چوونی کێشەکە".