Zana Natık Kerem
19 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2017
بەغدا ــ AA
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند كە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوكری بە سەردانێكی فەرمی كە یەك رۆژ دەخایەنێت، گەیشتە بەغدا.
سەرچاوەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە لە كاتی گەیشتنی بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، سامح شوكری لە لایەن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری پێشوازی لێكرا.
بە گوتەی سەرچاوەكە لەم سەردانەیدا وەزیری دەرەوەی میسر، سامح شوكری بە جیا لەگەڵ سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم و جێگری سەركۆمار، ئەیاد عەللاوی و سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، وەزیری دەرەوەی میسر جەخت لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و هاوكارییەكانی نێوان عێراق و میسر دەكاتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی داعش.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش دا كە هەر لە میانی كۆبوونەوەكانیدا، سامح شوكری لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بارەی گەیشتن بۆ رێككەوتن لەسەر كاركردنەوەیەکی لیژنەی باڵای هاوبەشی میسر و عێراق بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیرانی هەردوو وڵات و بەستنی كۆبوونەوەی لیژنەكە بەم زووانە لە بەغدا گفتوگۆ دەكات.