Zana Natık Kerem
05 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
سەڵاحەددین ــ AA
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق راگەیاند کە ھێزە ھاوبەشەکان، ئۆپەراسیۆنێکیان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەددین دەست پێکردووە.
دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ دووشەممە ژمارەیەک تیرۆریستی داعش ھێرشیانکردبووە سەر ھێزە عێراقییەکان لە ناوچەیەکی سنووری قەزای سامەڕا سەربە پارێزگای سەڵاحەددین و لە ئاکامدا دوو کارمەندی ئەمنی کوژراون و چواری دیکەش بریندار بوون.
ئەفسەری پۆلیس، ملازم نوعمان جبوری بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھێزێکی ھاوبەشی سوپا و سەرایا سەلام سەربە حەشدی شەعبی، ئۆپەراسیۆنێکی لە سنووری قەزای سامەڕا دەستپێکردووە".
نوعمان جبوری ئاماژەی بەوەشداوە کە ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، راوەدوونانی ئەو پاشماوانەی داعشە کە ناوە ناوە لە ناوچەکەوە ھێرش دەکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان و خەڵکی مەدەنی.
ناوبراو باسی لەوەشکرد کە ھێزە عێراقییەکان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ناوچەکە لە پاشماوەکانی داعش پاکدەکرێتەوە.