Zana Natık Kerem
12 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2018
بەغدا ــ AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند کە پابەندە بە جێبەجێکردنی سێیەم یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان کە تایبەتە بە ژماردنەوە و جیاکردنەوەی بەدەستی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ھەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سێیەمجار یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەموار کردەوە کە بە پێی ھەموارکردنەوەکە، ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە لە ١٢ی مانگی رابردوو، بەڕێوەچوو، بە ئامێری ئەلیکترۆنی ھەڵوەشاندەوە، ھەروەھات بڕیاردرا کە دووبارە دەنگەکانی ھەڵبژاردنەکان بە دەست بژمێردرێنەوە و جیا بکرێنەوە.
لە بەیاننامەیەکدا، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، عەبدولسەتار بەیرەقدار رایگەیاندووە "سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەیی، دادوەر فائیق زێدان لە کۆبوونەوەیەکدا، میکانیزمی جێبەجێبەکردنی سییەم یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە(٤٥) بۆ ساڵی ٢٠١٣ لەگەڵ ئەو دادوەرانەی کە ئەرکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانیان رادەپەڕێنن و بەڕێوەبەرانی نووسینگەکان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن تاوتوێ کردووە".
عەبدولسەتار بەیرەقدار ئەوەشی خستەڕوو لە کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی جەختی کردووەتەوە کە پابەندە بە جێبەجێکردنی سێیەم یاسای ھەموارکراو بۆ یاسای ھەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی ھەم دادپەروەریی بەدی بھێنرێت و ھەمیش ھەموو لایەک دڵنیابن لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان.