ھەولێر
بەرپرسی پەیوەندیە ناوخۆیی و عێراقییەکانی پ.د.ک، ئەحمەد کانی چوار شەممە ٢٥ ئەیلول لە گفتوگۆیەک بە(ئاژانسی ئانادۆڵو)ی راگەیاند پارتی رێکەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتی بەلاوە گرنگە.
ئەحمەد کانی سەرکەوتنی حزبەکەی لە ھەڵبژاردنی ٢١ی ئەیلول بۆ چەند ھۆکارێک دەگێڕێتەوە "کاریزمایی سەرۆک بارزانی و مێژووی پارتی و راستگۆیی لەگەڵ ئەو بەرنامەیەی لە ھەڵبژاردنەکان پێشکەشی کردووە، سەرکەوتنی نێچیرڤان بارزانی لە ئیدارەدانی چەند کابینەیەکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی ھەولێر و دھۆک و پرسی سەرخستنی بازاڕی نەوت لە ئاستی جیھاندا".
ئاماژەی بەوەشکرد بەھۆی ئیدارەی پارتی لە کوردستان، کێشەی بەنزین و کارەبا چارەسەر کراوە، ھەولێر و دھۆکیش بووە بەدەروازەیەک بۆ ھاتنی کۆمپانیا بیانییەکان.
ئەحمەد کانی ئەوەشی نەشاردەوە، لە ناوچەی گەرمیان و سلێمانی لە ژێر ئیدارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لایەنگرەکانیان فشاریان لەسەر بووە و رێگریان لێ کراوە، لە دەنگدان و بانگەشەکردنی ھەڵبژاردنەکان ھەوڵیش بۆ ناشیرینکردنی پارتی دراوە، ئەوەش وایکردوە وەک پێویست لەو ناوچانە دەنگ نەھێنن.
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتی "پارتی باجی حکومەتداری داوە، چونکە ئەوانەی گلەییان لە حکومەت ھەیە سلێمانی خزمەت نەکراوە، بەرلەوەی ببنە ئۆپۆزسیۆن، پۆستی پارێزگار و وەزیری ناوخۆی سلێمانی و وەزیری شارەوانیان ھەبووە".
نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکرات (سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی پارتیدا باسی لەوە کرد ئەگەر حزبەکەی سەرکەوتن بەدەست بێنێ، کار بۆ ئەوە دەکا داھاتی نەوت بەسەر ھاوڵاتیاندا دابەش بکرێ.
لەوبارەوە ئەحمەد کانی دەڵێ "کاک نێچیرڤان بارزانی لەخۆیەوە ئەو قسەی نەکردوە، تەنیا بانگەشەی ھەڵبژاردنیش نەبووە، زۆر باش دەتوانین لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان لە حکومەت ئەو بەڵێنە جێبەجێ بکەین".
بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ھاوپەیمانی ستراتیژیی پارتی بەرێژەیەکی زۆر دەنگەکانی کەمیان کرد و بوو بە ھێزی سێیەم، ئەو بەرپرسەی پارتی دەڵێ ھەرگیز چاوەڕوانیان نەکردووە یەکێتی وەھای بەسەر بێ و بەشێک لە ھۆکارەکەیشی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی "یەکێتی نەیتوانی لەو ماوەیەی مام جەلال نەخۆشە کەسێکی تر بکەنە سکرتێری حزبەکەیان، ئەوەش وایکرد بزووتنەوەی گۆڕان و بەڕێز نەوشیروان مستەفا زۆر زانایانە ئەو بۆشاییەیان بقۆزنەوە".
لەبارەی مانەوە یان نەمانەوەی رێکەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی پاش گۆرانی بەلانیس ھێزی نێوانیان، کانی ئاماژە بەوە دەدا، ئەوە پەیوەندی بە بۆچوونی یەکێتیەوە ھەیە و پارتی گرفتی لەگەڵ بەردەوامیی رێکەوتنەکە نیە.
لەبارەی حکومەتی نوێیشەوە ئەحمەد کانی تەنیا ئەوەی گوت "لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە نێچیرڤان بارزانی کاندیدە بۆ سەرۆکی حکومەت".
یەکێک لەو حزبانەی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکرێ "پارتی دیموکراتی کوردستان"ە. بەرپرسەکەی پارتی ئەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێ "ئەگەر ئۆپۆزسیۆن پێیوایە پارتی شەیتانانە تەزویر دەکا، بەپێچەوانەوە شەیتان نین بەڵکو رەحمانین و تەزویریش ناکەین، ھەرکەسێکیش دەڵێ پارتی تەزویری کردوە، با لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بیسەلمێنێ".