AA سلێمانی
سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ لە ھەڵبژاردنەکاندا فێڵی زۆریان لێکراوە و بەو ھۆیەشەوە سکاڵایان لای کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان تۆمار کردووە.
سەرۆکی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شۆڕش ئیسماعیل ئاشکرای کرد لە سنوری پارێزگای سلێمانی، لەسەر کۆی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان نزیکەی ٢٨٠ سکاڵامان تۆمار کردووە، بە بەڵگەی تەواوەوە دەیسەلمێنن ساختەکاری ئەنجام دراوە و لەوبارەوە چاوەڕێی کۆمسیۆنین.
ئیسماعیل بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، زۆر لە ھەڵەکانی ھەڵبژاردن ھەڵەی بەئەنقەست بوون و ھەندێکیشیان ھەڵەی ھونەری بوون کە لەکاتی جیاکردنەوەی دەنگەکاندا دەنگی لایەنێک چووە بۆ لایەنێکیتر و بە پێچەوانەوە .
ھەروەھا گوتی، ئەگەر ساغ بۆوە لە بنکەیەکدا ساختەکاری کراوە و یاری بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکە کراوە، ئەوا سەرجەم ئەو کارمەندانەی دەستیان لەو ساختەکاریەدا ھەبووە سزای قورس دەدرێن .
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بە نمونەی ھەندێ گومانی ساختەکاری دا لە ناوچەکانی نزیک لە سلێمانی و رایگەیاند، لە ڕانیە نزیکەی ٥٠٠٠ ھەزار دەنگ و لە دەربەندیخان ٩٥٠ دەنگ پوچەڵ کراونەتەوە، کە زۆربەیان دەنگی یەکێتین و لەپاڵ دەنگدان بەیەکێتیدا لە خواری کاغەزی ھەڵبژاردنەکەوە دەنگ بە لیستێکی تر دراوە تەنیا بۆ ئەوەی پوچەڵ بکرێتەوە، ئەمە گومانی لای ئێمە دروست کرد.
باسی لەوەش کرد گومانی زۆریان لەو سندوقانە ھەیە کە لایەنێکی دیاریکراو زیاتر ٨٠%ی دەنگەکانیانی بەدەستھێناوە و رایگەیاند، ھەر لایەنێک ئەو رێژەیە لەو سندوقانە بەدەست بێنێ، دەنگەکانی دەسوتێنرێ، چونکە ئەوە نیشانەی ئەنجامدانی ساختەکاریە.
ئەو بەرپرسەی یەکێتی رایگەیاند، ھەڵبژاردن بەدەر نەبوو لە پێشێلکاری و ساختەکاری و لە سنوری ھەولێریشدا نزیکەی ١٠٠ سکاڵایان تۆمار کردووە .
لەسەر پرسی دروستکردنی حکومەتی داھاتوویش شۆڕش ئیسماعیل باسی لەوە کرد "دوای راگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەدوای ھاوبەشێکدا دەگەڕێین بتوانین پێکەوە کارنامەی خۆمان کە لە بانگەشەی ھەڵبژاردن رامانگەیاندبوو، جێبەجێ بکەین".
لەبارەی ژمارەی کورسیەکانی حزبەکەیشیەوە، پێشبینی بەدەسھێنانی ١٨-٢٠ کورسی کرد و راشیگەیاند "کورسیەکانی پەرلەمانمان کەمی کردووە، بەشێکی ئەوەیش بۆ کەمتەرخەمیی حزبکە دەگەڕێتەوە".
دواکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان
ئیسماعیل رایگەیاند بەدووری زانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکاتی خۆیدا بەڕێوە بچێ و گوتی "سبەی دواین وادەی پێشکەشکردنی لیستی قەوارەکانە بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاکان، بەڵام تائێستا کەس لیستی پێشکەشی کۆمسیۆن نەکردووە، لەبەرئەوە لەو بڕوایەدام ھەڵبژاردنەکە بۆ بەھاری داھاتوو دوابخرێ و لە گەڵ ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا ئەنجام بدرێ".