ماردین
یەکێک لە بڕیارەکانی نێو پاکێجی دیموکراسی کە ئەمڕۆ لەلایەن سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا کرا، گەڕاندنەوەی پەرستگایەک بوو بۆ دەستی خاوەنە سریانییەکانی.
پەرستگای مۆر گابرێل پەرستگایەکی کۆنە و لە ساڵی ٣٩٧ بنیات نراوە، دەکەوێتە نزیکی گوندێکی شاری ماردینەوە, بە دەرگا و زەنگ قوببە و زەخرەفە سەرنجڕاکێشەکانی بەناوبانگە، ئەم پەرستگایە ماوەیەکی زۆرە حکومەتی تورکیا دەستی بەسەردا گرتبوو، بەڵام بە بڕیارێک کە لە نێو پاکێجی دیموکراتیزاسیۆندا ھاتووە, زەوی ئەو پەرستگایە بە تاپۆ رادەستی سریانییەکان خۆیان دەکرێتەوە.
چەند کەسێکی دیاری سریانییەکان بە ئانادۆڵویان گوت "ئێمە بەم پاکێجە دڵخۆشین, بڕیاری باشی تێدایە و ھەنگاوێکی چاکە بۆ بەرەو دیموکراسیبوونی زیاتر."
ھەروەھا لەبارەی گەڕاندنەوەی ناوی شار و گوندەکان بۆ ناوە مێژووییە کۆنەکانیان گوتیان "لە سایەی ئەم بڕیارەدا ئیتر دەتوانین گوندەکانمان بە ناوە دێرینەکانیان باس بکەین، ئێمە بەڕاستی منەتباری ئەردۆغانین."