سلێمانی
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان(ئازاد جوندیانی) لەبارەی پلنیۆم و بەشدارانەوە بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵو گوتی "پلنیۆم کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانە، ھەموو ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەنجومەنەکانی ناوەند و مەڵبەندەکان و مەکتەب و دەزگاکانی یەکێتی بەشداری تێدا دەکەن."
جوندیانی گوتی"بەرنامەی پلنیۆم بەپلەی یەکەم بریتییە لە باسکردنی دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەستنی کۆنگرەی گشتیی یەکێتی، کە پێشتر ئەو بڕیارە لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی دراوە و لە پلنیۆمدا بڕیار و وادەکە پەسەند دەکرێ."
ئەوەشی ڕەت کردەوە پلنیۆم گۆڕانکاریی گەورە لەناو یەکێتی بکا "کاری پلنیۆم گۆڕانکاری نییە، بۆ ئەوەیە کۆنگرە ببەستین و کۆنگرەش بۆ باسکردنی ھەموو ئەو بابەتانەیە کەبۆ ھەستانەوەی یەکێتی پێویستن."
لەکۆبونەوەی پێشتری ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیدا بڕیاردرا ڕۆژی (١٠/١٠/٢٠١٣) پلینیۆم ببەسترێ و لیژنەیەکی ئامادەکاری بۆ ئەو مەبەستە پێکھێنرا.
ھەروەھا بڕیاردرا لە ڕۆژی ٣١/١/٢٠١٤ چوارەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ببەسترێ.
لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ھەرێمی کوردستان لە ٢١ی ئەیلولی رابردوو یەکێتی ١٨ کورسی بەدەست ھێنا، لەکاتێکدا لە خولی پێشوودا نزیکەی ٣٠ کورسی ھەبوو، ئەوەیش بووەتە مایەی نیگەرانیی سەرکردایەتی و بنکردایەتیی ئەو حزبە و بۆ چارەسەرکردنی ھۆکانی ئەو پاشەکشەیە و ھەڵبژاردنی سەرکردایەتیەکی نوێ، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە ٧ی ئۆکتۆبەر بڕیاری بەستنی پلنیۆم و کۆنگرەیدا.