ھەولێر
لەو کۆنفڕانسەدا کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سەربازیی چەندین وڵات بەڕێوەدەچێ لەنێویاندا عێراق، باسی تیرۆر و چەند پرسێکی دیکە دەکرێ.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر بەرەو برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێ کەوت، بەمەبەستی بەشداریکردن لەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەی ناتۆ لە بارەگای سەرەکیی خۆی ١٤ی ئەم مانگە رێکی دەخات.
رێکخراوی ناتۆ بەپێی بڕیاری ژمارە ١٥٤٦ نێردەی مەشقپێکردنی خۆی لەساڵی ٢٠٠٤ لەعێراق لەسەر داوای حکومەتە کاتییەکەی دامەزراند.
لە راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمدا لەبارەی ئەو کۆنفڕانسەوە ھاتووە: "چەند تەوەرێک لەو کۆنفڕانسەدا گفتوگۆ و بیرورایان لەسەر ئاڵوگۆڕ دەکرێ، لەوانە ناتۆ و دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق لەرووی سیاسی و ئەمنییەوە، بەرھەڵستی تیرۆر و رۆڵی ناتۆ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و چەند تەوەرێکی دیکەش."
کۆنفڕانسەکە دوو رۆژ دەخایەنێت و بەرپرسانی سەربازیی چەندین وڵات بەشداریی تێدا دەکەن، چەندین بەرپرسی باڵای سەربازیی عێراقیش ئامدەی دەبن.
رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ لە ١٩٤٩ دامەزراوە، بارەگەکەی لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە، ٢٨ وڵات تێیدا ئەندامن و ئەرکی سەرەکیی ئەم رێکخراوە پاراستنی ئەندامانێتی لەرێگەی ھێزی سەربازییەوە، بەم دواییانە رۆڵی زیاتر بووە، ھەموو وڵاتانی ئەندامیش تێیدا ھاریکاریی سەربازیی لەرووی کەرەستە و ھێزەوە دەکەن.