نیویۆرک
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دوای پەسەندکردنی رەشنووسی ئەنجوومەنی ئاسایش گوتی " دوای پەسەندکردنی ئەم رەشنووسە، بریارە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا سوریا دەست بە بەرنامەی نەھێشتنی چەکی کیمایی بکات و راپۆتەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێ. دەتوانین بەڕێی دیپلۆماسی چەکی ھەرە مەترسیدار لە ناوببەین".
لەبارەی ھێرشکردنە سەر سوریا کیری گوتی " پلانی سەربازیی بۆ سەر سوریا دەتوانێ سوریا ناچار بکا چەکی کیمایی لە ناو ببا، بەڵام بڕیاری ئەنجومەنی ئاساییش بەھێزترە ئەمە سەرکەوتنێکی زۆر باشترە".
بە گوێرەی ئەو رەشنووسە کە لە ئەنجومەنی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەندکراوە، دەبێ سوریا مانگی داھاتوو دەستبکا بە لەناوبردنی چەکی کیمیایی و تا نیوەی ساڵی داھاتوو چەکەکانی تەواو بن.
لە کۆبوونەوەکەدا سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا باسی رەشنووسەکەی کردو گوتی " ھیوادارین رێکخراوی نەھێشتنی چەکی کیمیایی لەگەڵ تیمی شارەزای نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا بەبێ لایەنانە کاربکەن، بۆیە سوریا ئامادەیە لە گەڵ رێکخراوی نەھێشتنی چەکی کیمیایی و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان ھاوکاری بکات لە ئێستاوە دیمەشق لیستی چەکی کیمیایی داوەتە ئەو رێکخراوە".
لاڤرۆڤ گوتی " تەنیا سوریا نییە کە چەکی کیمایی ھەیە، ھەندێک وڵاتی دراوسێیش دەیانەوێ پەرە بدەن بە بەرنامەی چەکی کیمیایی، لە بەر ئەوە دەمانەوێ بەڕاپۆرتێک ئەو ھەوڵانە بدەینە ئەنجومەنی ئاساییش"
ولیام ھێگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ستایشی رەشنووسەکەی کردو گوتی "ھیوادارین دوای پەسەند کردنی ئەم رەشنووسە و دەست بەکاربوونی رێکخراوی نەھێشتنی چەکی کیمیایی، ئیتر ھیچ کارەساتێکی دیکە نەقەومێ بەھۆی چەکی کیمیاییەوە. سەرەتادا ئێمە وەک یارمەتی سێ میلیۆن دۆلار دەدەینە رێکخراوی نەھێشتنی چەکی کیمیایی".
لاورەنت فابیۆس، وەزیری دەرەوەی فەرەنسایش جەختیکردەوە سوریا بە شێوازی نھێنی چەکی کیمیایی بەکارھێناوە بۆیە ئەمڕۆ بۆ نەھێشتنی چەکی کیمیایی زۆر گرنگەو دەبێ بەڕێی دیپلۆماسی بەر بەپەرەپێدان و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بگیرێ.
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین باسی گرنگی چارەسەری کێشە نێودەوڵەتییەکانی کرد بەڕێی دیپلۆماسی و گوتی "چارەسەری کێشەی نێودەوڵەتی بەڕێی سەربازیی بە پێچەوانەوە کێشەو ئاڵۆزی دێنێتە ئاراوە نەک چارەسەری بکات، بۆیە ئەمە رێگەیەکی پەسەندە بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان".