ئەنقەرە
سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا (١٩٩٣ تا ١٩٩٦) تانسو چیلەر لەچوارچێوەی دۆزی ٢٨ی شوبات سکاڵا نامەیەکی ئاراستەی دەسەڵاتی دادوەری کردووەو دەڵێ بۆ قوتاربوونی تورکیا لە باڵادەستی سەربازیی و بنیاتنانی دیموکراسییەت، دەستبەرداری پۆستی سەرۆکوەزیران بووە.
چیلەر کە لە چوارچێوەی دۆزی ٢٨ی شوبات (کودەتای لەسەر کارلادانی نەجمەدین ئەربەکان) بانگێشتی دادگا کراوە.
تانسۆ چیلەر لەڕێی پارێزەرەکەیەوە سکاڵانامەیەکی ٤ لاپەڕەیی ئاراستەی دادگایباڵای تاوانەکانی ئیستەنبوڵی کردووە.
چیلەر گوتویەتی "ئەو بەڵگانەم دا بە نەجمەدین ئەربەکان کە لەو سەردەمەدا سەرۆکوەزیران بوو. ئەربەکانیش دابووی بە سلێمان دەمیرێلی سەرکۆمار، پاش ئەوەی دەمیرێل ئەو بەڵگانەی خستبووە بەردەست ئەفسەرە باڵاکان، لەڕێی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی راگەیاندن، وەزیری ناوخۆی ئەو سەردەمە دەستی کرد بەکەمپینێکی بێ بنەما لە دژی خۆم و ماڵباتەکەم".
لەبارەی ئیمزاکردنی بڕیارەکانی ٢٨ی شوبات چیلەر گوتی "چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەربەکان ئەنجام دا. لە چاپێکەوتنەکەدا پێی راگەیاندم بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە شێوەی ئامۆژگارییە و ھۆکاری ئیمزاکردنی بڕیارەکانی ٢٨ی شوباتی ١٩٩٧ ھەر بەومەبەستەیە. لە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان وتووێژ لەسەر ئەو بڕیارانە دەکرێ و ئەو خاڵانەی پەسند کران جێبەجێ دەکرێن (ئەو بڕیارانە لەلایەن حکومەتەکەی ئێمەوە جێبەجێ نەکراون). بەڵام من ئاماژەم بەبۆچوونەکانی خۆم کرد و گوتم، بژاردەی من و ئەوەی کە پێویستە بکرێ، خانەنشینکردنی سەرۆک ئەرکان و فەرماندەی ھێزەکانی سوپایە بەبێ ئەوەی وتووێژ لەبارەی بڕیارەکانەوە بکرێ".
چیلەر ئاماژەی بەوەدا، خوالێخۆشبوو ئەربەکان لەبارەی راسپاردەی خانەنشینکردنی فەرماندەکانی سوپا گوتی "سەرکۆمار بڕیارنامەکە ئیمزا ناکات و دۆخی ئێمەش ئاڵۆز دەکا لەبەر ئەوە راسپاردەکەی کێشایەوە. منیش ئەوسا گوتم کەواتە ئێمەش داوای ھەڵبژارادنی پێشوەخت دەکەین لە وەڵامی ئەم پێشنیازەشدا ئەربەکان گوتی رێگامان پێ نادەن ھەڵبژاردن ئەنجام بدەین، ھەوڵەکانیان دەخەنە گەر بۆ داخستنی پارتەکەمان و بەمەش ئەو گرژییەی لە نێو کۆمەڵگەدا ھەیە روو لە زیادبوون دەکات ھەر بۆیە ئەربەکان پێشنیازەکەی قەبوڵ نەکردم. دواتر لە ٢٢ی مایس ١٩٩٧ دا بۆ داخستنی پارتی رەفاھـ لە دادگا سکاڵا تۆمار کرا".
چیلەر ھەروەھا گوتی " لەسەر پێشنیازی ئەربەکان رێککەوتین لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران وەربگرم. بەوەرگرتنی متمانەی ٢٧٨ پەرلەمانتار و ئیمزای خوالێخۆشبوو موحسین یازیجی ئۆغڵو و سێ پەرلەمانتاری ھاوڕێی، چووین بۆ کۆشکی کۆماری. بەڵام بەداخەوە سەرکۆمار وێڕای بەدەستھێنانی متمانەی ٢٨٢ ئەندام پەرلەمان کە نوێنەری ئیرادەی زۆرینەی دەکرد، ئەرکی پێکھێنانی حکومەتی نەدا بە ئێمە و نوێنەری ئۆپۆزسیۆنی بە پێکھێنانی حکومەت راسپارد کە لەو کاتەدا نوێنەری کەمینەیەک بوو لە پەرلەمان".
چیلەر گوتی "بۆ یەکەمین جار ئێمە بەڵگەی کارەکانی گروپی رۆژئاوامان ئاشکرا کرد. ئێمە ئەم پێکھاتە نایاساییەمان بە گەل ناساند. بەگوێرەی ئەو بەڵگەکان ئاشکرایە کە ئامانجی سەرەکی کارەکانی گروپی رۆژئاوا، بریتی بوو لە لەناوبردنی پارتی رێگای راست-DYP، ئەمەش لەڕێی ناوزڕاندن و کۆتایی ھێنان بەژیانی سیاسی سەرۆکی ئەو پارتە بەشێوەیەکی شاراوە".
چیلەر لەباری خۆیەوە ئاماژەی بەوەدا بۆ کۆتاییھێنان بەو دۆخە و کردنەوەی رێگا لەبەردەم تورکیا و رزگارکردنی لە دەسەڵاتی سەربازیی بۆ بنیاتنانی دیموکراسییەت، تەنانەت دەستبەرداری پۆستی سەرۆک وەزیرانیش بووە. نەک تەنیا بۆ نەھێشتنی باڵادەستی سەربازیی "بگرە لە دژی دوژمنانی دیموکراسییەت و ئەو سیاسەتوانانەش تێکۆشام کە لەپێناوی دەسەڵاتدا ھەموو درۆ و بوختانێکیان ھەڵدەبەست. لەڕاستیدا ئەوانەی ئەمڕۆش لە دەسەڵاتدان، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لە بەرپرسی دەوڵەت، توانیویانە ئەم لێپرسینەوەیە ئەنجام بدەن".