Hemin Hüseyin
10 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی، ئاماژە بەوە دەکات حکوومەتی عێراق لەم سەد ساڵەدا نەیتوانیووە شەراکەت جێبەجێ بکات بۆیەش بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم دراوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "گەلی کوردستان ئەزموونێکی سەدساڵەی پڕ لە نەھامەتی لەگەڵ حکوومەتەکانی عێراقیدا تێپەڕاندووە. لەم سەدساڵەدا شەراکەت جێبەجێ نەکرا و گەلی کوردستان تووشی ئەنفال و کیمیاباران بوو. لە پێناو گەییشتن بە ئاشتی و دوورکەوتنەوە لە شەڕو گرفتی زیاتر گەلی کوردستان، بڕیاری داوە ریفراندۆم بکات و بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو بنێت".
لە پەیامەکەدا هاتووە "ئەو ھەنگاوە مافێکی سرووشتی و رەوای خەڵکی کوردستانە و ناکۆک نییە لەگەڵ ھیچ بنەمایەکی ئاسمانی و ئینسانی. جێبەجێکردنی ئەو مافە بە ھیچ شێوەیەک بە مانای دژایەتیکردن ھیچ پێکھاتەیەکی نەتەوەیی و ئایینیی گەلی عێراقی نییە، بەڵکو ئەوە دانانی بنەمایەکی پتەوە بۆ رێگەگرتن لە تێکدانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان گەلی کوردستان و گەلی عێراق".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی دووپاتی دەکاتەوە کە هەر جۆرە لێدوانێک کە بۆنی دژایەتیكردنی برایەتی و پێکەوەژیانی لێبێت، دوورە لە فەرهەنگی پێکەوەژیان لە گەلی کوردستان، هەروەک لە پەیامەکەدا هاتووە "ھەر جۆرە لێدوان و ھەڵسوکەوتێک کە بۆنی دژایەتیکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی لێ بێت ھیچ پەیوەندییەکی بە بەھا بەرزەکانی گەلەکەمان و سیاسەتی ھەرێمەوە نییە و زۆر دوورە لە فەرھەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی گەلی کوردستان".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە "لەو کاتەی بەرەو سەربەخۆیی ھەنگاو دەنێین، بە دڵنیاییەوە ھەڵسوکەوتی ستەمکارانەی رژێمەکانی پێشووی عێراق لەدژی گەلی کوردستان لەگەڵ برایەتی گەلی کوردستان و گەلی عێراق تێکھەڵ ناکرێت. ریفراندۆمیش بە ھیچ شێوەیەک کار ناکاتە سەر بەردەوامی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی عێراق بەڵکو قووڵتر و پتەوتری دەکات. ئێمە دەزانین کە گەلانی عێراقیش قوربانی دەستی رژێمە دیکتاتۆرەکان بوونە و لەگەڵ گەلی کوردستان لە یەک سەنگەردا بوونە".
لە کۆتاییش پەیامەکەشدا هاتووە "لە کاتی دەربڕین لە ئیرادە و مافەکانیان رەچاوی بەھا بەرزەکانی گەلەکەمان و فەرھەنگی برایەتی و پێکەوەژیانی مێژوویی نێوان پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بکەن. خوشک و برایانمان لە عێراق دەبێت بزانن کە گەلی کوردستان ھۆکاری تێکدانی یەکپارچەیی و شەراکەت و ژیانی ھاوبەش لە عێراق نەبووە بەڵکو رژێمە ستەمکارەکان و حکوومەتەکانی عێراق و سیاسەتی ئینکار ھۆکاری سەرەکیی تێکدانی پێکەوەیی و یەکپارچەیی بوون".