ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی سەردانی بۆ نووسینگەی سەرەکی ئاژانسی ئانادۆڵو وەڵامی پرسیاری نووسەرانی ئاژانسی لە بارەی چەندین بابەتێکەوە دایەوە.
چاوشئۆغڵو گوتی: "پرسی شەڕی ناخۆیی سوریا، ئاڵۆزییەکانی عێراق و رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کاریگەرییەکانی، ئەو بابەتانە بوون کە بە فراوانی قسهیان لە بارەوە کرا. ئێمە وەکو تورکیا لەو بارەوە بیروڕامان ئاشکرایە و ماوەی چوار ساڵە تورکیا باس لە دەرکەوتنی ئەو رەوشە بۆ ھەموو ھاوپەیمانان دەکات، لەو بارەوە قسەمان بۆ ئۆباما، وڵاتانی ئەندام له هاوپهیمانی ناتۆ، وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و بەرپرس و کاربەدەستانی ئەوروپا کردوه، بەڵام بەداخەوە لە کۆتاییدا ئەوەی ئێمە باسمان لێوە دەکرد روویدا. پێویستە ئەمڕۆ بە دوای ھۆکاری دەرکەوتنی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش بگەڕێین، ئەمڕۆ لە سوریا بە ھۆی سیاسەتەکانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە چەندین رێکخراوی جیاجیا دەرکەوتوونە، سەرەتا تەنیا حزبوڵڵا و قاعیدە ھەبوون و دواتر چەندین رێکخراوی دیکە دەرکەوتن و یەک بە یەک بەھێزتر بوون."
چاوشئۆغڵو له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "ئێمە پێشتر باسی ئەوەمان کردبوو کە دەسەڵاتێکی سیاسی لەسەر بنەمای ئاینی و تایفی لە عێراق رێگە بۆ ئاڵۆزی و شلەژان دروست دەکات و حاڵی حازر یەک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی دەرکەوتن و بەھێزبوونی داعش لە عێراق، پاشەکشهی سوپای عێراق، بەدەستەوە ھێنانی چەکەکانی سوپای عێراق لە لایەن داعشەوە، کۆکردنەوەی ھاوکاری و پشتگیری لە لایەن داعشەوەیه. ھەموو ئەو ئاڵۆزییانەی کە لە عێراقدا ھەن ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و سوپای عێراق لەسەر بنەمای ئاینی و تایفیی دامهزراون."
وهزیری دهرهوهی توركیا لهبارهی رهوشی ئیستای عێراق گوتی: "رەنگە لەم رۆژانەدا حکومەتی نوێی عێراق دابمەزرێ، تورکیایش پشتگیری لێ دەکات، پێویستە ئەو حکومەتە حکومەتێکی بنکە فراوان بێ و باوەشی بۆ ھەموو پێکھاتەکان کراوە بێ، لە کۆبوونەوەکەی ناتۆشدا بینرا کە ئەمریکا و ھەموو ھێزە جیھانییەکانیش گەیشتنە ئهو بڕوایەی کە پێویستە حکومەتێکی بنکە فراوان لە عێراقدا دابمهزرێت، چونکە لەگەڵ دامەزراندنی حکومەتێکی بنکە فراوان دەکرێ ئاسانتر رێگری لە بەھێزبوونی تیرۆر و فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان بكرێ، ئەمه بۆ سوریاش گرینگه، پێویستە رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا نەمێنێ و حکومەتێکی بنکە فراوان لەو وڵاتە دابمەزرێ، بە پێچەوانەوە دەبێ ناچار بین ھەر رۆژ شەڕی رێکخراوێکی تیرۆریستی بکەین و چەندێکیان لە ناوبەرین، بەڵام ئەمە کۆتایی پرسەکە نییە چونکە ئەو پرسە بەردەوام دەبێ و قۆناغەکە چەندە درێژەی پێ بدرێ ئەوا ژمارەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان زیاتر دەبێ."
چاوشئۆغڵو لهبارهی هاوكاریكردنی عێراق له دژی داعش گوتی: "لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پرسی ھاکاریکردن و پشتگیریکردن لە حکومەت و سوپای عێراق كهوته رۆژهڤهوه و تورکیاش لەو چوارچێوەیەدا باسی لە ھێڵە سورەکانی خۆی کردووە، حاڵی حازر سەدا ٩٥ی سوپای عێراق لەسەر بنەمای تایفی و ئاینییە بۆیە ئەو چەک و تەقەمەنییانەی بۆ سوپای عێراق دەنێردرێن، نازانرێ بۆ کوێ دەڕوا و کەس ناتوانێ کۆنترۆڵی ئەو چەکانە بكات، بۆیە پێویستە لە کاتی پێشکەشکردنی ھاوکارییەکاندا رەچاوی عێراقی نوێ و دروستبوونی رێکخراوی تیرۆریستی نوێ بکرێ. ھەروەھا نابێ ئەو چەکانەی روانەی عێراق دەکرێن بگەنە دەستی پەکەکە."
چاوشئۆغڵو لە وەڵامی پرسیاری چاوەڕوانی چی لە پلانی ئۆباما دەکەین؟ گوتی: "ئۆباما گوتی بۆ ئەوەی بزانین لە شەڕی دژی داعش چیمان پێ دەکرێ لەگەڵ خەڵکی ئەمریکادا قسە دەکەم، ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە ئایا لە شەڕی دژی داعشدا چی دەکرێ، باوەر ناکەم تەنیا تێکۆشانێکی سەربازی بێ لە دژی داعش، بەڵکو رەنگە لە بواری ئابوریی و بوارەکانی دیکەیشدا رێوەشوێنی زۆر توند لە بەرامبەر داعش بگیردرێتە بەر و ئێمە چاوەڕوانی ھەڵمەتێکی فراوان لە دژی داعش لە ئەمریکا دەکەین و ئەوهش بۆ ئێمه روونبۆتەوە کە ئەمریکا ھەڵمەتێکی فراوان لە دژی داعش دەست پێ دەکات."
لە وەڵامی پرسیاری ئهوهی ئایا تورکیایش بەشداری لە ھەڵمەتی دژی داعش دەکات؟ چاوشئۆغڵو گوتی: "بە ھۆی ئەندامبوونی تورکیا لە ناتۆ پێویستە ھەر جۆرە ھەنگاوێک کە لە ناوچەکەدا دەنرێ تورکیا بەشداربێ و ئەمە داواکاری ھاوپەیمانانی تورکیایە، بەڵام تورکیا زۆر بە راشکاوی باسی ئەوەی بۆ ھاوپەیمانان کردووە کە تورکیا چی دەکا و چۆن رۆلی خۆی دەگێڕێ."
چاوشئۆغڵو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەی ناتۆدا باسی دامەزراندنی ھێزی پێشەنگ کراوە و مەبەست لە دامەزراندنی ھێزی پێشەنگیش رووبەروو بوونەوەی خێرای ناتۆ لەگەڵ مەترسییەکانە، بەڵام ھێشتا لە بارەی چۆنیێتی پێکھێنانی ئەو ھێزەوە بڕیاری یەکجارەکی دەرنەکراوە، ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا باس له بەردەوی ھەبوونی سەربازانی تورکیا لە ئەفغانستان کرا، چونکە ھێزی تورکیا لە ئەفغانستان لە دەرەوەی شەڕە و داوا دەکرێ ئەو ھێزەی تورکیا لە ئەفغانستان بمێنێتەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا لە شەڕی دژی داعش ناتۆ داوای ھاوکاری مرۆیی لە تورکیا دەکا یا داوای ھاوکاری سەربازیش دەکات؟ وهزیری دهرهوهی توركیا گوتی: "ئێمە وەکو تورکیا لە بەرامبەر ھەڕەشە و مەترسییەکان لە ناوچەکەدا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان ھەڵسوکەوت دەکەین، ئەمە بیروڕای تورکیایە چونکە راستییەکانی ناوچەکە و ھۆکاری ئاڵۆزییەکانیش دەزانێت، بەڵام تا ئێستا ناتۆ بە فەرمی داوای جێبەجێکردنی ھیچ جۆرە ئەرکێکی لە تورکیا نەکردووە. بەڵام تورکیا وەکو پرەنسیب ئامادەیە بۆ ئارامی ناوچەکە و رێگریکردن لە رژاندنی خوێن، ئەوەی بکەوێتە سەر شانی جێبەجێی دهكات."
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لە بارەی چۆنییهتی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی عێراق، چاوشئۆغڵو گوتی: "تورکیا بۆ ئەوەی حکومەتێکی بنکە فراوان کە باوەشی بۆ ھەموو پێکھاتەکان کراوە بێ لە عێراق دابمەزرێ، ئەوەی لە دەستی بێ درێغی لێ ناکات، ئەوەی دیارە ئەوەیه کە ھەموو کەسێك لە عێراق ئەزموونی لە ھەڵەکانی حکومەتی مالیکی وەرگرتووە بۆیە ناکرێ ئەو ھەڵانە دووبارە بکرێنەوە. پێویستە یەکپارچەیی عێراق و سەروەری عێراق بپارێزرێ و داھاتی سەرچاوە جیاجیاکانی عێراق بە شێوەیەکی یەکسان لە سەر ھەموو پێکھاتەکاندا دابەش بکرێ و دەبێ دەستووری بنەڕەتی عێراق بە بێ جیاوازی جێبەجێ بکرێ و تیرۆر بە یەکجارەکی لە عێراق بنبڕ بکرێت."
news_share_descriptionsubscription_contact

