Sarmand Hameed
17 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بە بڕیاری فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتی ھێزی پاراستنی یاسا، لیوا جەواد دەڕاجی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە.
بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، کازمی بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی دەڕاجی لە پۆستەکەی بە ھۆی ئەوەی نەیتوانیووە بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بپاریزیت.
تا ئێستا هیچ راگەیەنراوێک لەمبارەیەوە لەلایەن حکوومەتی عێراق بڵاونەکراوەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە لێدوانێكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ھوشیار زێباری لەبارەی حەشدی شەعبییەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق خۆپیشاندانیان سازكرد.
لە میانی خۆپیشاندانەكەدا، بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەی كەڕادە ناوەڕاستی بەغدا، لە لایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا.