نیویورک
وەزیری دەرەوەی تورکیا ( ئەحمەد داود ئوغڵو) لە چوارچێوەی سەردانی خۆی بۆ ئەمریکا لەگەڵ شاندێکی سوریا کۆ بوویە و شاندی سوری بە ھۆی ھاوکارییەکانی تورکیاوە دەستخۆشی لەو وڵاتە کرد.
بە گوێری زانیارییەکان، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەحمەد داود ئوغڵو باسی سەرۆکەوتنی شۆڕشی سوریای کردووە و راگەیاندووە: ئەمڕۆ یا سبێ تێکۆشانی خەڵکی سوریا بۆ ژیانێکی ئازاد و بەشەرەف سەر دەکەوێ.
داود ئوغڵو گوتوویەتی" کۆمەلکۆژییەکان و وێرانکارییەکانی رژیمی ئەسەد لە سوریا زۆر گەورەن بەڵام خەڵکی سوریایش خاوەن ئەو ئیرادەیە کە بتوانێ لە بەرامبەر زڵمی رژیمدا خۆڕاگری بکا و تورکیا چۆن ئەمڕۆ پشتگیری و ھاوکاری خەڵکی سوریا دەکا لە داھاتوویشدا ھەر بەمجۆرەیە ھاوکار و پشتیوانی خەڵکی سوریا دەبێ.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا شاندی سورییش ئاماژەی بە ھەڵوێستی تورکیا داوە و رایگەیاندووە: ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانەکەوە تا ئەمڕۆ تورکیا ھەڵوێستێکی ئیجابی نەواندووە و بە ھۆی ئەو ھاوکارییانەی کە پێشکەشی گەلی سوریای کردوونە دەستخۆشی لە تورکیا دەکەین.
شاندی سوری باسی داھاتووی وڵاتەکەیشی کردووە و گوتوویەتی" بۆ سەپاندنی دیموکراسی و ئاشتەوایی لە سوریا رۆلی تورکیا رۆلێکی گرنگە و ئێمە بە ھیچ شێوەیەک ھەڵوێستی تورکیا لەبیر ناکەین و تورکیا بۆ ئێمە وەکو ماڵی خۆمانە.