واشنتۆن
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی دانوستانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ژمارەیەک سێناتۆری دیموکرات کۆبووەوە.
بە پێی راگەیەنراوەیەکی کۆشکی سپی، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، بۆ گفتوگۆ کردن لە بارەی دانوستانی وڵاتانی گروپی١+٥ و ئێران لە سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک سێناتۆری دیموکرات کۆبووەوە.
کۆشکی سپی ئاشکرایکردووە ئێران بەو مەرجانەی قبوڵ کردووە کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە لایەن وڵاتانی گروپی ١+٥ بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستنیشانکراون. بەڵێنی ئەوەی داوە لەڕووی پیتاندنی یۆرانیۆمەوە پاشگەز بێتەوە. ھەروەھا بڕیارە ئێران وەکو یەکەم ھەنگاو دەرفەتی چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ چاودێرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕەخسێنێ.
کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەداوە دوای جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە، ھەنگاوی دووەم دەستپێکردنی گفتوگۆیە بۆ چارەسەری یەکجارەکی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران.
جۆ بایدین رایگەیاند: وەکو یەکەمین ھەنگاو لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوانەی ئێراندا، ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەمارۆکانیان بۆ سەر ئێران کەمێ سووکتر دەکەن و پێش ئەوەی ئێران بتوانێ چەکی ئەتۆمی بە دەست بێنێ، ھەوڵ بۆ چارەسەری ئاشتییانەی پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەدەن.