ھەولێر
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لەعێراق سەربەست مستەفا، لە لێدوانێکدا بە AAی راگەیاند: "پێشنیازیان کردووە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگانی ھەرێم بۆ شەش مانگ یان ساڵێکی تر دوابخرێ."
ھەروەھا گوتی: "بۆ جاری دووەمە بە فەرمی داوا لە حکومەتی ھەرێم دەکەین ھەڵبژاردنی پارێزگاکان بۆ ساڵێک یان لانیکەم شەش مانگی تر واتە بۆ پاش ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق دوابخرێ، کە زیاتر پاڵپشتیی بۆ یەک ساڵەکە زیاترە."
وا بڕیارە ٣٠ی نیسانی ٢٠١٤ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێ.
کۆمسیۆن داواکەی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکەی ھەرێم بۆ دوو ھۆکار دەگێڕێتەوە، یەکەمیان کەمیی کات و دووەمیشیان بە بۆچوونی ئەو: "دواکەوتنی قەوارە و حزبە سیاسییەکانە لە پێشکەشکردنی ناوی پاڵێوراوەکانیان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان."
سەرۆکی کۆمسیۆن بەڕەخنەشەوە گوتی: "زۆرینەی حزب و لایەنەکان پاڵێوراوی خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکە نەناردووە و ئەو ٢١ قەوارەشی ناردوویانە ھەموویان زانیاریی ھەڵە و ناتەواویان ناردووە، ئەگەرچی داوای چاککردنەوەشمان لێکردوون، بەڵام نەیانکردووە."
سەربەست مستەفا بە سووربوونەوە بەشێکی داواکەی کۆمسیۆنی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنەکان خستە ئەستۆی حزب و لایەنەسیاسییەکانی ھەرێم و روونیکردەوە: "زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی ھەرێم نایانەوێ ھەڵبژاردنەکە بکرێت."
لەبارەی پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢١ی ئەیلولی رابردووش گوتی، ئەمڕۆ کۆتایی بەو وادەیە دێ کە بۆ قەوارە و کاندیدەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکرابوو بۆ تانەدان لەو ئەنجامەی رامانگەیاندبوو.
ئەوەشی ئاشکراکرد تا ئەمڕۆ ٤٥ تانەیان لەلایەنە بەشدارەکانی ھەڵبژاردنەکەوە پێگەیشتووە و ئەمڕۆ ئەنجامی ٤١ لەو تانانە یەکلاییکراونەتەوە و نێردراون بۆ ئەنجومەنی دادوەریی عێراق، ئەو چوارەشی کە ماوە لە دوو رۆژی داھاتوودا یەکلایی دەکرێتەوە.
بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پاش ١٥ رۆژ لە پەسەندکردنی ئەنجامە کۆتایییەکان پەرلەمان یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی دەبەستێ، کە بەسەرۆکایەتیی بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمان بەڕێوە دەچێ، دواتر ھەر لەو کۆبوونەوەیە بە دەنگدانی نھێنی سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان بە دەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ھەڵدەبژێردرێن.
ئەگەر وادەکەی دوانەخرێ، بڕیارە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لە ٢١ی مانگی داھاتوو (تشرینی دووەم) بەڕێوە بچێ.