ئەنقەرە
وەزیری پەروەردەی تورکیا نابی ئاوجی لە میانەی بەسەرکردنەوەی AA رایگەیاند: "دوای ئەنجامدانی گۆڕانکاری یاسایی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیا، ھیچ قوتابخانەیەکی تایبەتی کوردی ناکرێتەوە."
نابی ئاوجی گوتی: "لە پەیمانی لۆزاندا پێکھاتەکانی تورکیا بەسەر موسڵمان و غەیرە موسڵماندا دابەشکراون و مۆڵەت بە کەمەنەتەوە و غەیرە موسڵمانەکان دراوە قوتابخانەی تایبەتی خۆیان ھەبێ، بەڵام ھاووڵاتییە سووریانییەکان تا ئێستا سوودیان لەو مافە وەرنەگرتووە. ئەرمەنی، رۆم و موسەوییەکانی تورکیایش لە دادگا سکاڵایان تۆمار کرد و داوای کردنەوەی قوتابخانەی تایبەتی خۆیانیان کرد و دادگاش بڕیاری دا کە ئەوانیش بۆ خۆیان قوتابخانە بکەنەوە."
وەزیری پەروەردەی تورکیا ھەروەھا گوتی: "ئەو کەمەنەتەوانە لە دژی وەزارەتی پەروەردە سکاڵایان تۆمارکرد، بۆیە ئێمەیش وەکو لایەنێکی ئەو سکاڵایە بەشداریمان لە پرۆسە یاساییەکە کرد، کەمەنەتەوەکان گوتیان وەزارەتی پەروەردە مۆڵەتمان پێ نادات قوتابخانە بکەینەوە، ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە ھیچ جۆرە ناڕەزایەتییەکمان دەرنەبڕی و گوتمان مافی خۆتانە."
لەبارەی کردنەوەی قوتابخانە تایبەتییەکانی کەمەنەتەوەکانەوە نابی ئاوجی رایگەیاند: "دەست بەئامادەکاری بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانانە کراوە، بەڵام رەنگە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٤و ٢٠١٥ قوتابخانەکان ئامادە بکرێن و بە پێی یاسای قوتابخانە تایبەتییەکان، دەبێ تا مانگێک دوای دەستپێکردنی وەرزی نوێی پەروەردە، قوتابخانە تایبەتییەکانیش بکرێنەوە. ئاوجی گوتی: "ئەم ھەڵوێستە ھەڵەیە چونکە قوتابخانەکان لە ١٦ی ئابدا دەکرێنەوە و تا ١٦ی تشرینی یەکەم ئەم پرۆسەیە دەرێژەی دەبێ، بۆیە ئەوانەی کە دواتر سەردان دەکەن پێیان دەڵێن بڕۆن ساڵی داھاتوو سەردانمان بکەن. ئەمە ھەڵوێستێکی ھەڵەیە، ئێمە دەمانەوێ مانگێک بەر لە دەستپێکردنی وەرزی پەروەردە سەردانمان بکەن."
نابی ئاوجی گوتی: " قوتابخانە تایبەتییەکانیش لە ژێر چاودێری وەزارەتی پەروەردەدا کار دەکەن و ھەر وەکو قوتابخانە حکومییەکان، سروودی نیشتمانی تورکیا لەم قوتابخانانەشدا دەخوێندرێ چونکە ئەو قوتابخانە تایبەت بە کەمەنەتەوەکانی تورکیان بۆیە ناتوانن سیستەمێکی پەروەردەیی تایبەت بەخۆیان ھەبێ و سیستەمی پەروەردەیی تورکیا لەو قوتابخانانەشدا پەیڕەو دەکرێ.
لەبارەی سەربەست بوونی پەروەردە بە زمانەکانی دیک لەو قوتابخانانەدا ئاوجی گوتی: "ھیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردە نەکردن بە زمانی تورکیا لەو قوتابخانانەدا بوونی نییە، چۆن لە کۆلێژەکان بە زمانی ئینگلیزی، فەرەنسی و ئەڵمانی پەروەردە دەکرێ، ھەر بەمجۆرەیش لە قوتابخانە تایبەتییەکاندا بە کرمانجی، زازاکی، لازی، بۆشناکی و عەرەبیش قوتابییەکان پەروەردە دەکرێن. لە پاڵ ئەو زمانانەدا بەشێکی زۆری پەروەردە بە زمانی تورکی دەبێت."
نابی ئاوجی باسی جیاوازی نێوان پەروەردەی کوردی و خوێندنی چەند وانەیەک بە زمانی کوردی کرد و گوتی: "ئەوانەی کە دەرچووی زانکۆکانن و بۆ پەروەردەی زمانی کوردی ئامادەکراون، چۆن ھەر کەسێک کە زمانی تورکی بزانێ ناتوانێ ببێتە مامۆستای فیزیا، بۆ کوردیش ھەر بەمجۆرەیە، ئەوەی کە کوردی بزانێ مەرج نییە کە بتوانێ بە زمانی کوردی یا زازاکی وانەی فیزیا بڵێتەوە، بۆیە ھەر یەک لە دەرچووەکانی زانکۆ بیانەوێ لە چ بوارێکدا وانە بڵێنەوە ئەوا دەبێ خۆلی راھێنانی تایبەتییان بۆ بکرێتەوە."
لە بارەی دامەزراندنی مامۆستاکانی زمانی کوردیش وەزیری پەروەردەی تورکیا گوتی" ئێمە نازانین لە قوتابخانەکان چەند قوتابی وانەی کوردی ھەڵدەبژێرن، ئێمە بە شێوەیەکی گرێبەست مامۆستامان دامەزراندووە."
نابی ئاوجی ئاماژەی بەوەش کرد: "گەر ١٢ قوتابی وانەیەک ھەڵبژێرن، بۆیان ھەیە پولێکیان بۆ بکرێتەوە. بە گوێرەی ئامارەکانی ساڵی رابردوو زیاتر لە ٢٨ ھەزار کەس زمانی کرمانجی و زازاکییان ھەڵبژاردووە و ئەمەش نیشانەی ئەوە نییە کە ئەمە داواکارییەکی راستەقینەیە یا نا. من چاوەڕوانی ژمارەیەکی یەکجار زیاترم دەکرد، رەنگە ھۆکاری نەکردنەوەی پۆلەکان لە ساڵی رابردوو بەربڵاوبوونی قوتابییەکان بووبێت، بەڵام ئەمساڵ سەرەڕای زۆرتر بوونی رێژەی قوتابییەکان، ھاوکات بەربڵاویش نین، بۆیە کردنەوەی پۆل ئاسانترە."
سەبارەت بە بەکارھێنانی پیتەکانی دیکەی ئەلف و بێی زمانی کوردی، نابی ئاوجی گوتی: "رەنگە چەندین پیتی دیکە ھەبن کە لە رووی بەکارھێنانیانەوە کێشە ھەبێ، ئەو کێشەیە تەنیا کێشەی ئەلف و بێی کوردی نییە، بەڵکو ئەلف و بێی زمانەکانی دیکەیش کێشەیەکی بەوجۆرەیان ھەیە، بۆیە بەکار ھێنانی ئەو جۆرە پیتانە لە رووی یاساییەوە نابێتە کێشە."