هەولێر
مەروان ئیسماعیل ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد: لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، کە رۆژی شەممە ١٧ی ئایار لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، داوای چارەنووسی ئەو ئەندامانەیان کردووە کە لەژێر دەسەڵاتی ئەوان بێ سەروشوێن بوون.
مەروان لەو بارەیەوە گوتی: "کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان داوای لە شاندی ی.ن.ک کرد، ھەموو ئەو ئەندامانەی کۆمەڵی ئیسلامی کە لە رابردوو لە لەلایەن هێزە ئاسایشپارێزەکانیانەوە دەستگیرکراون و چارەنووسیان دیار نییە، ئاشکرا بکەن و پێمان بڵێن چییان بەسەرهێنراوە. ھەردوولا رێککەوتن لیژنەیەکی ھاوبەش لە دەزگای زانیاریی یەکێتی و کۆمەڵ پێکبھێنرێ بۆ بەدواداچوون لەو پرسە."
سەبارەت بە مژارەکانی دیکە کە لەو کۆبوونەوەیە باسکراون، مەروان ئیسماعیل روونیکردەوە، باسی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەم کراوە.
ئەو گوتی: "ناوەڕۆکی سەردانەکە خۆی لە چەند تەوەرێکدا بینییەوە لەوانە پرسی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و کۆمەڵ. وادیارە ئەنجامی گفتوگۆکان باش و بە کەڵکبوون، بەرچاوڕوونی لەبارەی ھەموو پرسەکانەوە دروستکردبوو، ئێمە داوامان لە شاندی یەکێتی کرد کێشەی کاندید و پێکھێنانی حکومەت پەلەی تێدا بکرێ بە زووی یەکلایی بکەنەوە."
سەبارەت بە دەنگۆی ھاوپەیمانێتی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پرسەکانی ناو پەرلەمان و لە دەرەوەی بازنەی پ.د.ک و ی.ن.ک و یەکگرتووی ئیسلامی. مەروان گوتی: "کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان وەک یەک پەیوەندی لەگەڵ ھەموو پارتەکانی ھەرێم ھەیە. ھیچ کات نەبۆتە پاشکۆی حزبەکان، ئەوەی تایبەتیش بێ بە پرسە نیشتمانییەکان، کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان چی بە باش بزانێ لە خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان ئەو کارە دەکا."
لەبارەی ھەڵویستی کۆمەڵی ئیسلامی لەو کاتەی لە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان کە سبەێنی دووشەممە بەڕێوە دەچێ، یەکێتیی نیشتمانی جارێکی دیکە کاندید دیاری نەکا، مەروان گوتی:" ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستانین و نامانەوێ لەوە زیاتر پیکھێنانی کابینەی هەشتەم دوا بکەوێ. ئەمەشمان بە ڕاشکاوی بە برادەرانی یەکێتی راگەیاند."