Cemal Sargati
29 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 30 کانوونی دووەم 2017
سلێمانی-AA
هۆبەى پلاندانان لە فەرمانگەى ژینگەى پارێزگای سلێمانى، ئامار و کار و چالاکیيەکانى شەش مانگى کۆتایى ساڵى 2016ى فەرمانگەکەی خستە روو، بەگوێرەى ئامارەکەش لە شەش مانگى کۆتایى ساڵى 2016دا، سێ هەزار و 45 پشکنینى کیمیایى و فیزیایى و بایۆلۆجى بۆ ئاوى شارى سلێمانى کراوە.
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، ئامینە عەلی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئامار و کار و چالاکیيەکانی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی خستەروو رایگەیاند "لەو شەش مانگەدا فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی توانیویەتی، ٤٥١ دەرچوون و بەدواداچوون و پشکنین بکات بۆ پرۆژەکان".
ئامینە عەلی گوتی: "ھەر لەو ماوەیەدا توانیومانە، ٢٥٩ سمپڵی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی تاقی بکەینەوە لە رووی کوالێتیەوە، ھەروەھا ئەنجامدانی سێ ھەزار و ٤٥ پشکنینی کیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی بۆ ئاوی شاری سلێمانی کراوە و لە ئێستادا ھیچ مەترسیەک لەسەر ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی نییە".
بەرپرسی بەشی راگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٦دا رەزامەندی دراوە لەسەر دامەزراندنی ٨٧ پرۆژەی گەورە و بچووک و مامناوەند، ھەروەھا رەزامەندی دراوە لەسەر ھەڵکەندنی ١٣ بیری جۆراوجۆر و ھەروەھا ٦٧ مۆڵەتی راوکردن دراوە.
لە ئامارەکەی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی ئەوەش ھات کە چاودێری سەرجەم بورجەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردنی پارێزگای سلێمانی کراوە و، ھەڵسەنگاندن بۆ کاریگەرییە ژینگەیی و تەندروستییەکانی سەرجەم ئەو بورجانە کراوە کە داوای مۆڵەتی دامەزراندنیان کردووە بەمەبەستی زیاتر پاراستنی ژینگەی پارێزگای سلێمانی.
ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا سزا و ئاگادارکردنەوەی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی خرایە روو کە لەماوەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا، ١٦٩ پرۆژەی جۆراوجۆر ئاگادار کراونەتەوە بەھۆی پابەند نەبوونیان بەڕێنماییەکانی ژینگەوە و ھەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە ١٠ ملیۆن دینار غەرامەیان کردووە، ھەروەھا ٢٦ مۆڵەتیان وەرگرتووەتەوە.