Hemin Hüseyin
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
دەربەندیخان - AA
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، رەحمان خانی لە لێدوانێک بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەهۆی بوومەلەرزەکە بەنداوی دەربەندیخان زیانی بەرکەوتووە بەڵام مەترسی لەسەرنییە، هەر بۆیە ئێمە راپۆرتی خۆمان ئامادەکردووە، دوێنێ وێنەیەکمان بۆ بەغدا ئامادەکردووە و ئەمڕۆش وێنەیەکمان داوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم".
سەبارەت بە ناوەرۆکی راپۆرتەکەش، رەحمان خانی گوتی: "ئێمە بە دوو ئاراستە کارمان کردووە، یەکێکیان لێژنەیەکی بەنداوەکانی عێراق لێرەن و لەگەڵ بەنداوەکانی هەرێم لە گفتوگۆدان
ئێمە بەردەوامین لە خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانی بەنداوەکە و راپۆرتی سەرەتاییمان ئامادەکردووە و وێنەیەکی دەگاتە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەمڕۆش وێنەیەکی دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و لە هەردوولا پشتگیری و بەڵێن هەیە کە هاوکارمان بن".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی راپۆرتەکە گوتی: "لەو راپۆرتە هەندێک کار هەیە کە بە پەلەیە و دەستنیشانمان کردووە کە بیکەین وەکو پشکنینی بەنداوەکە و هەروەها روپێوێکی بەنداوەکە کە ئێستا تیمێکی عێراقی لێرەن، ئەوانە هەندێک ئاراستەمان نیشان دەدەن کە بەرەو چ هەنگاوێک دەڕۆین لە هەمانکاتدا ئێمە بانگی کۆمپانیایەکی راوێژکاری دەکەین بۆ پشکنینی بەنداوەکە و هەموو پارچەکانی بپشکنن و مەترسی و کەموکوڕییەکانی بۆ دیاری بکەن و بوودجەی نۆژەنکردنەوە دەستنیشان بکەن".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان گوتیشی: "لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لەسەر خەتین و هەروەها رەنگە ئەو تیمە ئەمریکییەی لە بەنداوی مووسڵ کاردەکەن، ئەوانیش بێن پشکنینێک بۆ بەنداوی دەربەندیخان بکەن و ئێمە بەردەوام لەگەڵیان لە پەیوەندیداین".
رەحمان خانی جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیاش لە رێگای کۆنسوڵی گشتی وڵاتەکەی لە هەولێر ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ هەموو هاوکارییەک و تا ئێستا بەشێکی زۆر لە هاوکارییە مرۆییەکان گەیشتووە بەڵام لێژنەیەک بۆ بەنداوەکە هێشتا نەگەیشتووە.
شەوی یەکشەممەی رابردوو بومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٢ پلە بە پێوەری ریختەر هەرێمی كوردستانی هەژاند، گوڕی بوومەلەرزەكە و زیانەكانی زیاتر لە قەزای دەربەندیخان (٦٦ كلم باكووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) بەدیار كەوت كە بەو هۆیەوە چەند خانوویەك رووخان و چوار كەس گیانیان لەدەستدا و٥٠ كەسی دیکەش برینداربوون.