23 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2017
ههولێر - AA
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى رایگەیاند "بەهۆى لەشکرکێشى حکوومەتى عێراق بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم، بە تێکڕا تا ئێستا ١٥٠ هەزار کەس ئاوارە بووە".
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى دواى کۆبوونەوەى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى بۆ دەزگاکانى راگەیاند گوتى: "دیراسەى هاوکاریکردنى ئاوارەکانمان کردووە کە بەهۆى ئاڵۆزییەکانى کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکان ئاوارە بوونە، بەهیواین کە دۆخێکى وا دروست بێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، نەتەوەیە یەکگرتووەکان لەسەر هێڵن بۆ یارمەتیدانى هاووڵاتییانى کەرکووک".
نێچیرڤان بارزانى لەبارەى هەڵوێستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە بەغدا گوتى: "یەکەم شت هەڵوێستى حکوومەتى هەرێمى کوردستانە کە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە چوارچێوەى دەستوور چارەسەر بکرێن، بابەتى چۆنیەتى چارەسەر کردنى کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق هەم وڵاتانى دەرەوە هەم بەڕیز سیستانى هەمیش سەرۆکوەزیرانى عێراق جەختییان لەمە کردووەتەوە، ئێمەیش هیوادارین کە ئەوان پابەندبن کێشەکان لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکەن".
گوتیشى: "تا ئێستا وادەى ناردنى شاندى حکوومەتى هەرێم بۆ بەغدا دیار نیيە، چاوەڕوانى وەڵامى ئەوان دەکەین، ئەگەر ئێمە وەڵامێک لە بەغدا وەربگرین، ئێمە ئامادەین بۆ ناردنى شاند و دانیشتنى جددى و هەڵدانەوەى لاپەڕەیەکى نوێ لە چوارچێوەى دەستوور بە گفتوگۆى ئاشتیانە کێشەکان لە لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، بەڵام کێشەى گەورەکە ئەوەیە بەغدا لە هەندێک شوێندا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى بەردەوامە، بەداخەوە بەردەوام بوونى ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە کاریگەرى لەسەر سەقامگیرى ناوچەکە دەبێت و کێشە دەخاتە سەر ئەو پڕۆسەیەى کە دەبێت بە دیالۆگ دەستى پێبکەین".
لەبارەى پڕۆژەى گۆڕان بۆ پێکهێنانى حکوومەتى رزگارى نیشتمانى ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەسەر بابەتەکە دەربڕی، بەڵام ئەم بابەتە وردەکاریی زۆری دەوێت.
نێچیرڤان بارزانى لەبارەى پرسى سەرۆکایەتى هەرێم، هەروەها گوتى: "ئێوە خۆتان باش دەزانن جەنابى سەرۆک پێشووتریش چەندین جار خۆى داواى کردووە، کە لە رووى یاساییەوە وادەکەى کە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، کۆتایی پێبێت. سەرۆکى هەرێم خۆى نایەوێت دووبارە خۆى هەڵبژێردرێتەوە، پێشتریش بەهۆى شەڕى داعشەوە لەسەر پۆستەکەى مابوویەوە، نەدەبوو لەو کاتە پۆستەکەى بەجێبهێڵت".
نێچیرڤان بارزانى جەختى لە یەکڕیزى لایەنەکانى هەرێمى کوردستان و گەلى کوردستان کردەوە و گوتى: "بە یەکگرتوویی لەم قۆناغە سەختە تێپەڕ دەبین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردیستان پێشوازى لە دوایین هەڵوێستەکانى رووسیا کرد و ئاشکراشى کرد کە گرێبەستەکانى نێوان لەگەڵ کۆمپانیاکانى رووسیا گرێبەستى کارکردن و هیچ پەیوەندى بە سیاسەتەوە نیيە.
سەبارەت بە مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى گوتى: " رەنگە هەندێ کێشە دروستبێت، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەردەکرێ و مووچە دەدرێت بە فەرمانبەران".