Hemin Hüseyin
20 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 21 نیسان 2017
هەولێر-AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، زیگمار گابریل دوای کۆبوونەوەیان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن سازدا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانییان دایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، زیگمار گابریل لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان خۆیان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی کرد و گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا باسمان لەو ریفۆرمانە کرد کە لە تەواوی وڵاتەکەدا پێویستە بکرێت و ئەو شتانەی کە دەبێت لە سەرانسەری عێراق بکرێت و ئەو کارانەی کە پەرلەمان دەبێت بیکات وەک ھەڵبژاردن یان ھەموو ئەو شتانەی کە کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ھەندێک کاری ئاسایین کە لەچوارچێوەی سیاسەتدا دەبێت بکرێن و باسی ئەو کارانەمان کرد کە ھەفتەکانی داھاتوو یان مانگەکانی داھاتوو دەبێت بکرێن. باسمان لەوە کرد کە تا ئەو کاتەی قەیرانەکان ھەبوون و شەڕی داعش ھەبوون دەبوایە ھەندێک شت وەک بارودۆخێکی تایبەت بەڕێوە بچن. دوای تەواوبوونی ئەو ململانێیە کە ئێستا ھەیە و دەیانەوێت بگەڕێنە دۆخی ئاسایی و چارەسەری ئەو قەیرانانە کە ھەبووە".
دواتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی پرسی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان گوتی: "بەڵێ بڕیاری ریفراندۆم دراوە و ئێستا ھەموو لایەنەکان خەریکن کۆمیتەیەک پێکدەهێنن بۆ ئەوەی کاتی ریفراندۆم دەستنیشان بکەن و پێویستییەکانی ریفراندۆم ئامادە بکەن، ئەوانەی رەخنەیان لە ریفراندۆم ھەیە رەنگە زۆر باش لە بارودۆخەکە تێنەگەیشتبن، ریفراندۆم بۆ ئەوەیە کە بۆچوونی ھەموو خەڵکی کوردستان بە جیھان بگەیەنین کە گەلی کوردستان ئەوە خواستەکەیەتی و ئەمە پڕۆسەیەکە کە ئێمە بە تایبەتی لەگەڵ بەغدا و ھەموو لایەنەکانی دیکەش دەکەوینە گفتوگۆ بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئێمە یەکسەر رێگای توندوتیژی ھەڵدەبژێرین. ئێمە رێگای ئاشتی ھەڵدەبژێرین و رێگای گفتوگۆ ھەڵدەبژێرین و بە پێچەوانەوە من پێم وایە لێکتێگەیشتن و گەیشتن بە ئەنجامێکی وا کە گەلی کوردستانیش پێی رازی بێت. ئەمە زیاتر لە بەرژەوەندی ناوچەکە دەبێت و لە بەرژەوەندی کورد و عەرەب و ھەموو گەلانی دیکەش دەبێت لە ناوچەکەدا".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ھەڵوێستی ئەڵمانیا لەسەر بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتە و پشتیوانی گەلی کوردستان لە پرسی ریفراندۆم، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختی لەسەر بەردەوامی ئەو ھاوکارییانە کردەوە و رایگەیاند کە ئەمە لە بەرژەوەندی ئەڵمانیا و ئەورووپا دایە کە ناوچەکە ئاوەدان بکەنەوە و پێویستە ھاوکاری بکەین لە پێشکەوتنی نەک ھەرێمی کوردستان بەڵکو ھەموو عێراق و گوتی: "دەبێت کارێک بکەن کە شێوازی ژیانی خەڵک بگۆڕین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەکەونە بەر دەستی خەڵکی توندڕەو، ئەورووپا و ئەڵمانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستیان بەوە ھەیە کە جارێکی دیکە ئەو کۆڵەکانەی کە لەو کۆمەڵگایەدا رووخاون بنیاد بنرێنەوە و کاری یەکەمی ئەوان سەقامگیری ناوچەکە بێت".
دواتر سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی باسی لە شەڕی ئازادکردنی مووسڵ و بەشداری پێشمەرگە بۆ یارمەتیدانی ھێزەکانی عێراق کرد و گوتی: "بەر لەوەی شەڕی مووسڵ دەست پێبکات ئێمە و بەغدا پلانێکی ھاوبەشمان دانا و ئەرکی پێشمەرگە دیاری کرا و پێشمەرگە لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستی پێکرد و لە ٢٧ی ھەمان مانگ ئەرکەکەی بە جێگەیاند و بە درێژایی ١٠٠ کیلۆمەتر و قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر ھێڵی بەرگری داعشیان تێکشکاند و ئینجا ھێزەکانی عێراق دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنی خۆیان لە رۆژھەڵاتی مووسڵ. ئێستا شەڕ کەوتووەتە لای رۆژئاوای مووسڵ. شەڕێکی سەختە بەڵام ھەم پێشمەرگە و ھەم سوپای عێراق شەڕی باشیان کرد و سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستھێنا. شەڕی ئێستا سەختتر بووە چونکە کەوتووەتە ناو کۆڵانەکانی لای راستی مووسڵ و فڕۆکەکانیش ناتوانن وەک پێویست پشتیوانی تەواوی ھێزەکان بکەن. پێم وایە داعش بەرەو شکان دەڕوات بەڵام مانای ئەوە نییە کە ئەگەر مووسڵ تەواو بوو داعش تەواو دەبێت. داعش بەشێوەی دیکە دەمێنێت بەڵام بە تەئکید دەبێتە شکستێکی گەورە چونکە داعش مووسڵیان بە پایتەختی خەلافەت دەزانی".
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان باسی لە رۆڵی ھاوپەیمانان کرد و گوتی: "هاوپەیمانان ھەم یارمەتی پیشمەرگەیان داوە و ھەم یارمەتی سوپای عێراق. بەڵام پێدانی چەک بە پێشمەرگە تا ئێستا لەو ئاستە نەبووە کە پێویست بووە".
لەبارەی داھاتووی پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، زیگمار گابریل گوتی: "من پێم وابێت ئەو دەرەنجامە بۆ ئێمە نییە لە ئێستادا قسەی لەسەر بکەین چونکە ئەوە پەیوەندی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانە و ئێمە قسەمان لەسەر داهاتووی کوردستان و عێراق کردووە و پێویستە بەردەوام بایەخ بە سەقامگیری عێراق بدرێت و ئەوەی پێویست بێت لەلای ئێمە هاوکاری دەکرێت".
سەبارەت بە تێڕوانینی حکوومەتی ئەڵمانیا بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، زیگمار گابرێل گوتی: "باشترین شت بۆ داهاتووی کوردستان ئەوەیە کورد بۆخۆی دەزانێت و بڕیاری لەسەر دەدات، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە کوردستان بۆ ئێمە گرنگە و دەمانەوێت پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و پێشەسازی بەخۆیەوە ببینێت و خەڵک بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە و رزگاریان بێت لەدەست ئایدۆلۆجیای توندڕەوی، هەروەها دەبێت بیر لە داهاتوو بکرێتەوە و ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بەدەستی بهێنین ئەوەیە کە کارێک بکرێت بە ئاشتی بژین و پێشکەوتن هەبێت و کوردستان وڵاتێکە توانای سەرچاوەی مرۆیی و سروشتی هەیە و دەتوانێت پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت و دەتوانن لە بواری ئەکادیمی و پیشەسازی پێشبکەون".
زیگمار گابرێل ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی پێی گوتووە کە ئێمە لە داواکارییەکانی کورد تێدەگەین و دژی نین.
شەوی رابردوو، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، زیگمار گابرێل بە سەردانێک گەیشتە هەولێری پایتەخت و لە لایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی پێشوازی لێکرا.