Mazın Asad
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2017
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە چوارچێوەی رێوڕەسمی چالاکییەکانی ١٦ھەمین ساڵیادی ئاک پارتی لە پارکی ھاریکالار دیاری لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند: "ئەمڕۆ وەک دامەزراوەیەک، ئاھەنگی ١٦ھەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئاک پارتی دەگێڕین. بەڵام رێبازی ئاک پارتی خاوەن رابردووی ھەزاران ساڵە. ئاک پارتی پارتێکە کە داواکارە بۆ خزمەتکردنی شارستانێتییەکی مەزن کە وەک خۆر جیھان رۆناک دەکاتەوە. ئاک پارتی پارتێکە شەو و رۆژ کار دەکات بۆ ژیاندنی زنجیرە دەوڵەتی ھەزارانی ساڵی گەلی تورکیا کە ئەمڕۆ ناوی کۆماری تورکیایە".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٩ گوتی: "لە سینجانەوە لە ئەنقەرەوە بانگھێشتی ١١ ملیۆنی ئەندامی خۆمان دەکەم، ئایا ئامادەین پێشوازی لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ و مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بکەین؟ ئینشائەڵا سیستەمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمار لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ بە جۆرێک دێتە کایەوە و لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ش ئەو سیستەمە فراوانتر دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا گوتیشی: "ھەر دەستکەوتێکی ئاک پارتی بۆ تورکیا زۆر گرنگە. بەڵام ھیچ کەسێک ئەمە بە چاکەی خۆی نەزانێت. پەیوەندی بەھێزی ئێمە لەگەڵ گەل و پشتیوانی گەل بۆ ئێمە لە پشت ئەو دەستکەوتانەیە. لەبەر ئەوەی ئاک پارتی بووەتە دەنگی بێ دەنگەکان و کەسی بێ کەسەکان و ھێزی بێ ھێزەکان، بۆیە تاکو ئێستا گەل پشتیوانی لە ئاک پارتی کردووە".
ئەردۆغان رەخنەی لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی گرت و رایگەیاند: "سیاسەت گۆڕەپانی مەردەکانە. ئەگەر دەتانەوێت سەرکەوتن بەدەست بھێنن و بتانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست، دەبێت کار بکەن و ئارەقە بڕێژن و خەبات بکەن. ئەگینا بە رەخنەگرتن لە گۆڤاری فۆکسی ئەڵمانی بە دەسەڵات ناگەن. لە لایەکی دیکەوە بە ئەنجامدانی ھەموو جۆرە درۆ و گەندەڵییەکەوە ناتوانیت شکست بە ئاک پارتی بھێنێت. ئەگەر مەردی، سەرەتا راستگۆ ببە و لەم رێگەیەدا چی دەڵێی ئەوە ئەنجام بدە".
لەبارەی گۆڕانکاری لە نێو پێکھاتەی ئاک پارتی، ئەردۆغان گوتی: "گۆڕانکاری کارێکی سروشتییە. لە ھەر کۆنگرەیەکدا رێکخستنەکانمان لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکان و ئەنجوومەنی ژێرەوەی و ئەنجوومەنی شارەکان و ئەنجوومەنی شارەوانییەکانمان بەرێژەیەکی دیاریکراو گۆڕیوە و بەو ھۆیەوە بەم رۆژانە گەیشتووین. تەنھا ئەمجارە پێویستمان بە گۆڕانکارییەکی ریشەیی زۆر ھەیە. بێگومان لەگەڵ ئەو ھاورێیانەی سەرکەوتوون، بەردەوام دەبین. ھەندێک لەو ھاورێیانەی ساڵانێکە خزمەتێکی یەکجار زۆریان بە پارتەکەمان کردووە، پێویستمان پێیانە بۆ کارکردنیان لە پلاتفورە جیاوازەکان. بێجگە لەمە بێگومان ئاگادارین کە ھەندێک لەو ھاورێیانەی ماندووبوون، ئامادەن ئەرکەکانیان رادەست بکەن".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەبارەی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ رایگەیاند: "لە پێناو شەرمەزارنەبوون بەرامبەر بە شەھیدانی ١٥ی تەمووز و شەھیدانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دواجار کوژرانی ئەرەن-ی رۆڵەکەمان لە قەرەدەنیز کە تەمەنی ساڵ بوو، بەم ئامانجانەمان دەگەین. بۆیە لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ جارێکی دیکە بە شێوەیەکی بەھێزتر ھەروەک لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تاوەکو ئیستا، ئینشەڵڵا بەڵێنمان نوێ دەکەینەوە".
ئەردۆغان سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گوتی: "بەدوور گرتنی ئەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆ و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە ھەیە لە پارتەکەمان ئەرکی سەر شانی ھەموومانە. ھەرگیز لێبووردە نابین بەرامبەر ئەمە".