ھەولیر/ ئانادۆلو
دوای ئەوەی لەماوەی دوورۆژی رابردوودا میدیاوسەرچاوەکانی ھەوال لە ناوخۆو دەرەوەی سوریا باسیان لە بەکارھینانی چەکی کیمیایی لە لەدەوروبەری شاری دیمەشق لەشەری نیوان ھیزەکانی حکومەت و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا کردوە ، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو کارەی کردوەو ھاوکات داواشی لە کۆمەلگەی نیودەولەتی کردوە پەلە بکات لە سنووردانان بۆئەمجۆرە کارانە .لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی ھەریمی کوردستاندا ھاتووە:
بە پێی ئەو ھەواڵانەی لە ناوخۆی سووریاوە دێن لە شەڕی نێوان ھێزەکانی حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەدا بە تایبەت لە ناوچەکانی دەورووبەری شاری دیمەشق چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی بەکار ھاتووە. ئێمە بە گشت لایەکی ڕادەگەیێنین کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ھەر لایەک لە ئێش و ئازارەکانی بەکارھینانی ئەو جۆرە چەکە دەگات چونکە خۆی گەورەترین قوربانی ئەو چەکە بووە و بەشێوەیەکی دڕندانە لە دژی بەکار ھاتووە. بۆیەشە ھەروەک چۆن لە ڕابردوودا دژی بەکارھاتنی چەکی کیمیایی بووە ئێستا و لە داھاتوویشدا دژی کردەی نامرۆڤانەی بەکارھێنانی چەکی کیمیاییە لە ھەر شوێنێکی جیھان بێت.
ھەرلە دریژەی بەیاننامەکەدا ھاتووە : سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانە و سەرکۆنەی ئەو کارە قیزەوەن و نامرۆڤانەیە دەکات داوایش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیھانییەکان دەکات زۆر بە پەلە سنوورێک بۆ ئەو کردەیە دابنرێت کە دژی ھەموو جۆرە بەھایەکی ئەخلاقی و مرۆییە و بە زووترین کات لایەنە ئەنجامدەرەکانی ئاشکرا بکرێن و ڕێوشوێنی پێویستیان لەبەرامبەردا بگیرێتە بەر و سزا بدرێن.
لەکۆتایی بەیاننامەکەی سەرۆکایەتیی ھەرێمیشدا ھاتووە :ھەر لێرەشدا ھاوخەمیی خۆمان بۆ کەس و کاری قوربانیانی ئەم کارەساتە و گەلی سووریا ڕادەگەیێنین و ھیواخوازین ھەرچی زووترە کۆتایی بە شەڕ و کاولکاری و نەھامەتیەکانی گەلی سووریا بێت.