Zana Natık Kerem
30 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2017
جنێڤ ــ AA
سەرچاوەیەك لە شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە جنێڤ رایگەیاند كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی گەڕی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤ، هەردوو شاندی ئۆپۆزسیۆن و شاندی رژێم لە دوو ژووری بەرامبەر بە یەكتر دەست بە دانوستانەكان دەكەن.
سەرچاوەكە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دانوستانی نێوان شاندی ئۆپۆزسیۆن و شاندی رژێم بە نێوەندگیری نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا بەڕێوەدەچێت كە گفتوگۆكانی نێوان هەردوولا بۆ یەكتر دەگوازێتەوە".
ئەمەش لە كاتێكدا، نەتەوە یەكگرتووەكان راگەیاندووە كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە میانی گەڕی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤ لە كاتژمێر (٠٩:٣٠) بە كاتی گرێنچ، ستافان دی میستورا لەگەڵ شاندی رژێم كۆدەبێتەوە و هاوكات شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریاش ئاماژەی بەوەدا كە هەر لە هەمان كاتدا لەگەڵ ستافان دی میستورا كۆدەبێتەوە.
دوێنێ چوارشەممە لە میانی گەڕی هەشتەمی دانوستانەكانی جنێڤدا، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا بە جیا لەگەڵ شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و شاندی رژێم كۆبوویەوە.