ھەولێر - سلێمانی - دھۆک
پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەشارەکانی سلێمانی، ھەولێر، دھۆک دەڵێن پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوە دەچێ و رێژەی بەشدارییکردنی ھێزە ئاسایشپارێزەکان و پێشمەرگە لەئاستێکی باشدایە.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لەھیچ بنکەیەکی دەنگدان گرفتیان بۆ پێش نەھاتووە.
دەنگدانی تایبەت بۆ ھێزە ئاسایشپارێزەکان، پێشمەرگە، سوپا، نەخۆشخانەو گرتووخانەکانە، ھەر سزادراوێک لەزیندان ئەگەر حوکمەکەی لەپێنج ساڵ کەمتربێ مافی دەنگدانی ھەیە.
کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردن رایگەیاندووە ٣٧٢ بنکەی دەنگدان ئامادەکراوە بۆ دەنگدانی تایبەت.
لە دەنگدانی تایبەتدا ١٥٣ ھەزار و ٧٩٣ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
رۆژی شەممە ٢١/٩/٢٠١٣ دەنگدانی گشتی لەھەرێمی کوردستان دەست پێدەکات بۆ پەرلەمانی کوردستان، لەو رۆژەدا دوو ملیۆن و ٨١٨ ھەزار و٦٩٩ کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتایی ھات بەبانگەشەی ھەڵبژاردن، ئەمساڵ بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو ھەڵمەتێکی گەرموگوڕی بانگەشە بەڕێوەچوو، بەھۆی ھاتنە ئارای توندوتیژیی لەبانگەشەکاند دوو کەس لەسلێمانی و کەسێکی دیکە لەسنووری پارێزگای ھەولێر کوژران.
لەسەرزاری بەرپرسانی باڵای حیزبە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردنی ئەمجارە ھەڵبژاردنێکی "چارەنووس سازو گرنگە" بەھۆی بەشدارییکردن بەلیستی جیاواز حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەم ھەڵبژاردنەدا ئاستی جەماوەریی خۆیان بۆ دەردەکەوێ.
رکابەری بەھێز لەنێوان ھەرسێ لایەنی سیاسی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان)دایە، بێجگە لەوان دوو حیزبی ئیسلامی (کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی) چاوەڕێ دەکرێ ژمارەیەکی زۆر کورسی پەرلەمان مسۆگەر بکەن.